کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری دزیکردنی منداڵان لە ئێراندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرز دەبێتەوە

12:32 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دیاردەی دزیکردن لە نێو منداڵاندا بەرهەمێکی دیکەی ڕێژیمە کە جەخت لە نەبوونی بەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو وڵاتەدا دەکات.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، پاسداری ڕێژیم عەباسعەلی محەممەدیان، ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەمە، لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە دابەزینی تەمەنی دزیکردن کرد و وتی: "تەمەنی تاوانباربوون دابەزیوە و لەو تەمەنەیدا کە دەبێت بە دوای خوێندن و زانکۆوەکانەوە بن، لە گرتنگەکاندا بەسەر دەبەن و ئەمە بۆ ئێمە جێی داخە".

لەم بارەوە، مافناسێک بە ناوی "محەممەدڕەزا بەندەرچی"، باس لەوە دەکات، کە هەژاری سەرچاوەی ڕوودانی زۆربەی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکانە و دزیش یەک لەوانەیە، کە دەسکورتی و بەرزبوونەوە و دابەزینی ئابووری لەو هۆکارانەن کە کەسەکان ناچار بە ڕووهێنان بە دزی و دەیان ئاکاری لەو شێوە دەکەن.

 قسەکانی پاسدار محەممەدیان لە حاڵێکدایە، کە لە ئێراندا بارودۆخی نالەباری ئابووری و بارودۆخی ئەستەمی خوێندن و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا ئیزن بە منداڵان نادات، کە لە دنیای منداڵیدا بژین و بۆ بەدەستهێنانی پارە و بژیوی ژیان پەنا دەبەنە بەر دزیکردن کە لێکەوتەکانیشی هەر بەرەوڕووی ئەو منداڵانە دەبێتەوە و تووشی گرتن و مەحکوومبوون و مانەوە لە زیندانەکان دەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی کۆنوانسیۆنەکانی مافی منداڵان و مافەکانی مرۆڤ، گرتن و زیندانیکردن و سەپاندنی حوکمی ناڕەوای لەم چەشنە بەسەر منداڵان، بەپێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکانە.