کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری دەسبەسەرکردنی میدیاکاران لە جیهان ڕێکۆردی شکاند

19:48 - 26 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز ڕێکخراوی "هەواڵنێرانی بێسنوور" ڕایگەیاند، لە ئێستادا ٤٨٨ میدیاکار لە سەرتاسەری جیهان لە زینداندا بەسەر دەبەن کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئەمە زۆرترین ڕێژەیە کە تۆمار دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "هەواڵنێرانی بێسنوور"، لە ئەمساڵی زایینیدا ٤٦ هەواڵنێر گیانیان لەدەست داوە کە لە ماوەی ئەو ٢٥ ساڵەدا ئەمە کەمترین ڕێژەیە کە تۆمار کراوە.

ڕێژەی میدیاکارانی دەسبەسەرکراو لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە کە ئەو ڕێکخراوەیە دەستی بە کۆکردنەوەی ئاماری ساڵانەی ڕووداوی میدیاکاران کردووە، زۆرترین ڕێژەیە کە تۆمار دەکرێت و ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی سەرکوتی میدیاکاران لە میانمار، بلاڕووس و هۆنگ کۆنگ، ٢٠ لەسەد زیادی کردووە.

ڕێکخراوی "هەواڵنێرانی بێسنوور" کە بۆ ئازادیی چاپەمەنی لە سەرتاسەری جیهان تێدەکۆشێت ڕایگەیاندووە، لە ئەمساڵدا٦٠ هەواڵنێری ژن دەسبەسەر کراون؛ هەروەها چین بە زیندانیکردنی ١٢٧ هەواڵنێر، زۆرترین ڕێژەی هەواڵنێرانی بەندکراوی هەیە.