کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری فەرمیی کۆرۆنا لە ئێران موهەندیسی دەکرێت و جێگای متمانە نییە

13:12 - 20 گەلاوێژ 2720

یەکێک لە ئەندامانی ستادی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بە نهێنیکاری لە بارەی تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە و بڵاوکردنەوەی ئاماری ناڕاست لە قوربانییان و تووشبووانی کۆرۆنا تۆمەتبار کرد.

''محەممەدڕەزا مەحبووب فەڕ''، ئیپیدمۆلۆژیست و ئەندامی ستادی پێشگرتن لە کۆرۆنا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' وتوویەتی، ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستیی لە بارەی قوربانییان و تووشبووان بە کۆرۆنا ڕایدەگەیەنێت، یەک لە سەر بیستی ئامارە ڕاستەقینەکانە و جێگای متمانە نییە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، ڕێژەی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ١٩ هەزار کەس و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە نزیکەی ٣٣٠ هەزار کەس.

''مەحبووب فەڕ'' ئەم ئامارەی بە مەهەندیسیکراو ناو دەبات و دەڵێت تەنیا بە هۆکاری سیاسی و ئەمنییەتی ئەو ئامارانە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش هەندێک لە نوێنەرانی مەجلسی ڕێژیم وتبوویان کە ئەو ئامارانەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاو دەکرێتەوە ڕاست نییە و ژمارەی قوربانییان زۆر لەوە زیاترە.

ئەو ئەندامەی ستادی پێشگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا باسی لەوە کرد ڕێژیم بە هۆکاری سیاسی و ئەمنییەتی تەشەنەسەندنی ئەو نەخۆشییەی بۆ ماوەی یەک مانگ لە خەڵک شاردەوە و دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٢ی بەهمەن و هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسەی لە ئێران ڕاگەیاند.