کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوتابییانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا ڕووی لە هەڵکشانە

17:57 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژەیەکی بەرچاو لە قوتابییانی قوتابخانەکان لە ئێراندا تووشی مادە هۆشبەرەکان بوونە و ئامارەی ئەو دیاردەیە ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە.

سەرەڕای ئەوەی کە لە پێوەندیی لەگەڵ دیاردەی تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت لە نێوان لاوانی ئەو وڵاتەدا، ساڵانە ئامارێکی بەرچاو تۆمار دەکرێت و ڕێژیمی ئێرانیش نە تەنیا هیچ بایەخێک بە چارەسەریی ئەو دیاردە مەترسیدارە نادات، بەڵکوو خۆی سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوکردنەوە مادە هۆشبەرەکانه.

لەم بارەوە، "سەید محەمەد بەتحایی"، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدرەییەکانی ڕێژیمدا، دانی بە چوونەسەرەوەی ڕێژەی تووشبووانی قوتابییان لە قوتابخانەکانی ئێراندا ناوە و ڕایگەیاندووە: ڕێژەی زیان و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە قوتابخانەکان وەکوو چینەکانی تری کۆمەڵگا نییە و لە نێوان قوتابییان و لە قوتابخانەکاندا زووتر پەرە دەستێنێت، بەم هۆکارەشەوە ڕێژەی قوتابییانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان ڕووی لە هەڵکشانە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لە درێژەی قسەکانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە ساڵی ڕابردوودا (ساڵی ۹٧) ڕێژەی قوتابییانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە سنووری ۳ میلیۆن تێپەڕی، ڕایگەیاند: هۆکاری سەرەکیی بەکارهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانە لە نێوان قوتابییان و تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان، بۆ بنەماڵەکانیان دەگەڕێتەوە و زۆربەی ئەو قوتابییانەی کە تووشی ئەو مادە هۆشبەرانە بوون، دایک یان باوکیان تووشبووی مادە هۆشبەرەکانن و فێربوونی ئەو قوتابییەش لەو دایک و باوکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ناوبراو، لە وڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەم بارەوە چ هەنگاوێکی بۆ پێشگرتن بەو دیارە مەترسیدارە هەڵگرتووە"؟ وتی: "ئێمە ناتوانین لە پێش قوتابخانەکاندا بگەڕینە قوتابییەکاندا بزانین کێ مادەی هۆشبەری پێیە و ڕێگای ئەو کارەشمان پێ نەدراوە، ئەوەی کە ئێمە دەتوانین بیکەن تەنیا دیاریکردنی کەسانێکی تووشبووی ئەو دیاردەیە".

هەروەها ئەو وەزیرەی ڕێژیم، لە درێژەی قسەکانیدا دەستی بە چەواشەکاری کردووە و حاشای لە چوونەسەرەوەی ئاماری ڕێژەی قوتابییانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان کرد، بەڵام ناوەندە خۆجییەکان ڕایگەیاندووە، کە ئاماری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان ڕووی لە زیادبوونە و ئەم ڕێژەیەش قوتابییان لە خۆ دەگرێتەوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگای ئێران و قوتابخانە.