کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە نزیکەی هەزار کەس

17:26 - 27 رەشەمه 2719

دوای مەرگی ١٣٥ کەس لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئاماری فەرمیی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەتا پاش‌نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، گەیشتە ٩٨٨ کەس.

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، نوێترین ئاماری فەرمیی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ئێران ڕاگەیاند و بە قسەی ناوبراو ١٦ هەزار و ١٦٩ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە.

بە وتەی ناوبراو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٣٥ کەس لە تووشبووان گیانی خۆیان لەدەست داوە، بەم پێیە ڕێژەی قوربانییان گەیشتووەتە ٩٨٨ کەس.

هەروەها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هەزار و ١٧٨ حاڵەتی تووشبوون لە ئێراندا شناسایی کراون.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییە ١٤ هەزار و ٩٩١ کەس و ڕێژەی قوربانییان ٨٥٣ کەس ڕاگەیەندرابوو. 

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، ڕێژەی قوربانییانی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران یەک لەسەر پێنجی ئامارەکانه و بەم پێیە ئاماری قوربانییان دەگاتە نزیکەی ٥ هەزار کەس.