کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا خەریکە دەگاتە ئاماری کوژراوانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق

11:12 - 22 رەزبەر 2720

سەرۆکی نەخۆشخانەی "سینا"ی تاران لە کۆبوونەوەیەکدا وتوویەتی: "پێکهاتەی دەرمانیی ئێران توانای وڵامدەریی بە تووشبووانی کۆرۆنای نییە و ئەو ڕێژە زۆرەی قوربانییانی کۆرۆنا خەریکە دەگات بە ڕێژەی کوژراوانی شەڕی ئێران و عێراق".

"محەممەد تالبپوور" سەرۆکی نەخۆشخانەی سینای تاران باسی لەوە کردووە، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەردا، ٢٥١ کەس گیانیان لەدەست داوە.

"تالبپوور" لە قسەکانی خۆیدا وتوویەتی، تەواوی تەختی ئاسایی و "ئای.سی.یوو"ی نەخۆشخانەی سینا پڕ بوونەتەوە و ئیتر ناتوانین تووشبووانی دیکە لەو نەخۆشخانەیە بخەوێنین.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "ڕێژەی نوێی تووشبووان بە کۆرۆنا، ٣ هەزار و ٨٢٢ حاڵەت بووە و زیاتر لە ٢٥٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، ئاماری قوربانییانیی کۆرۆنا کە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە هەتا ئێستا ٢٨ هەزار و ٥٤٤ کەس بووە، بەڵام ئاماری ڕاستەقینە سێ بەرابەری ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستییە.