ناوەندی لێکۆڵێنەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتە بەپێی بەراوردەکان ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا دوو قات لەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەندراوە زیاترە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئاماری تووشبووانیش ٨ هەتا ١٠ قات لەو ئامارە زیاترە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندەی لێکۆڵینەوەی ڕێژیم؛ ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا ٨ هەزار و ٦٠٩ کەسە و تووشبووان بە کۆرۆناش ٦٠٠ هەتا ٧٥٠ هەزار کەسە.
بەپێی مۆدێلسازییەکی "کارگروه اپیدمیولوژی" وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران بێ ئەوەیکە دەسەڵات دەستێوەردانێک بکات ٦٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا تووشی کۆرۆنا دەبن.
هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کۆرۆنا هەتا مانگی دووهەمی پاییز لە ئێراندا دەمێنێتەوە و دەگاتە لوتکە.
ئەگەر ڕێژیمی ئێران تەنانەت "ئیزۆلاسیۆن "(Isolation) هەتا ٤٠٪ ئەنجام بدات؛ ٨١١ هەزار کەس تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن و ٦ هەزار کەسیش گیانیان لەدەست دەدەن.
جیاوازیی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران و ناوەندی لێکۆڵێنەوەکانی مەجلیس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی بێهداشت ئەو کەسانەی کە نیشانەی نەخۆشییەکەیان هەبووە، وەک نەخۆش تۆماریان ناکات.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان پێشتر باسی لەوە کردبوو ئاماری کۆرۆنا لە ئێراندا ٥ قات لەو ڕێژەیەی ڕاگەیەندراوە زیاترە.