کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری مردنی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوونە

13:32 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژبەڕۆژ ئاماری مردنی کەسانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، ڕووی لە زیادبوونە و ڕێژیمی دەسەڵاتداریش هیچ بایەخێکی بەو دیاردە مەترسیدارە نادات.

جیا لەوەی کە ڕێکخراو و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە بە گەورەترین باندەکانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان لە جیهاندا ئەژمار دەکرێن، ساڵانە ئاماری لاوان و کەسانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، کە دامودەزگا سەرکوتکەرەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و بەتایبەتی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران و مۆرە بەکرێگراوەکانیان لە بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ئێران بەتایبەتی لە کوردستان و بەلووچستاندا، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسە هەرەباڵاکانی ڕێژیم، بەرپرسانی ناوەندەکانی ئەمنییەتیی شار و ناوچەکان و هەروەها بەرپرسانی بەندیخانە و گرتنگە و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم خۆیان مادە هۆشبەر بەکار دەبەن و لە هەموو گرتنگە و بەندیخانەکانیشدا بە شێوەی ئازادانە و ئاشکرا بۆ بەندکراوانی بەکارهێنەر و بازرگان بە مادە هۆشبەرەکان هاوردە دەکرێت.

مۆرەکانی ڕێژیم لە بەندیخانەکاندا، گیراوان و بەنداکراوان و بەتایبەتی بەندکراوانی سیاسی، بە مەبەستی شکاندنەوەی کەرامەت و کەسایەتیان، بە زۆرەملێ و لێدان و ئەشکەنجە، تووشی مادە هۆشبەرەکان دەکەن.

لەم بارەوە، ناوەندەی ئاماری پزیشکی یاساییی ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی دووشەممە، ۹ی بانەمەڕ، بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، کە لە ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویدا مردن و گیانلەدەستدانی کەسانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان و بەتایبەتی لاوانی بەکارهێنەری ئەو مادە هۆشبەرانە لە سەرتاسەری ئێراندا، بەپێی ئاماری ساڵانی ڕابردوو، ۲۰ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ئامارانە، لە ماوەی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، ۳۶۷۲ کەس بە هۆکاری تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە سەرتاسەری ئێراندا گیانیان لە دەست داوە، کە لەم ڕێژەیەدا ۳۲۱۳ کەسیان پیاو و ٤۵۹ کەسیشیان ژن بوونە، لەم پەیوەندییەشدا ڕێژەی مردنی پیاوانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا بەپێی ساڵانی ڕابردوو، ۱۹.۳ لەسەد و ڕێژەی ژنانیش ۲۶.٤ لەسەد زیادی کردووە، کە ئەمەش دیاردەیەکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگای ئێران.

لە بەشێکی تری ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: زۆرترین  ئاماری تۆمارکراوی مردن بە هۆکاری مادە هۆشبەرەکانەوە لە ساڵی ڕابردوو، لە پارێزگاکان: تاران بە ڕێژەی ۹۰۰ کەس، فارس بە ڕێژەی ۳۳۶ کەس و خۆراسانی ناوەندی (خراسان زضوی) بە ڕێژەی ۲۸۰ کەس بووە و کەمترین ئاماری تۆمارکراویش بەم هۆکارەوە لە پارێزگاکانی: ئیلام بە ڕێژەی ۲۰ کەس، گوڵستان بە ڕێژەی ۱۹ کەس و خۆراسانی باشوور بە ڕێژەی ۶ کەس بووە.

ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە ئێراندا بە هۆکاری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەمرن و گیانیان لە دەست دەدەن، کە ئەم هۆکارە ڕێژەی مردنی لە ئێراندا بردووەتە سەر و لە ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویدا، بە هۆی مردنی کەسانی تووشبوو و بەرکاهێنەری مادە هۆشبەرەکان، ۹ لەسەد کۆی گشتیی مردن لە ئێراندا زیادی کردووە.