کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری منداڵانی کار لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوونە

12:40 - 30 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری وەزارەتی کاری ڕێژیمی ئێران باس لە زیادبوونەوەی ئاماری منداڵانی کار دەکەن.

بەپێی نوێترین ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئامار و زانیاریی وەزارەتی کاری ڕێژیم، لە ئێراندا، ٤٤٩ هەزار منداڵی کار هەیە کە ١٤ لەسەدیان بە کارگەلێکی قورس و مەترسیدارەوە خەریکن.

ئامارەکانی ئەم ناوەندە تایبەت بە ساڵەکانی ٩٤ تا ٩٦ـە کە ئێستا بڵاوکراوەتە و بەپێی ئەو ئامارە لە ساڵی ٩٦دا بەنیسبەت ساڵی ٩٥، ڕێژەی منداڵانی کار ١١.٥ لەسەد و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٤، ١٠.٢ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تەمەنی ئەم منداڵانە لە نێوان ٥ تا ١٧ ساڵدایە کە سەرقاڵی کارگەلێکی مەترسیداریشن.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسێکی سازمانی بێهزیستی ڕایگەیاندووە کە لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٩٧دا، ٨٥٠٠ منداڵی کار و منداڵی سەرشەقام لە ئێراندا ناسراون.

بەرزبوونەوەی ئاماری منداڵانی کار لە ئێراندا هاوکاتە لەگەڵ زۆربوونەوەی ڕێژەی منداڵانێک کە بە گەڕان لەنێو زبڵەکاندا، تێچووەکانی ژیانیان دابین دەکەن، کارێک کە زۆربەی کات برینداربوونی ئەم منداڵانەی بەدواوە دەبێت.

بەرپرسانی ڕێژیم لەهەمبەر کێشە جیدییەکانی کۆمەڵگادا کە ڕەنگی قەیرانیان بە خۆیانەوە گرتووە بێدەنگن و هیچ ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئابووریی وڵات دیاری ناکەن، لەم نێوانەشدا منداڵان گەورەترین و سەرەکیترین قوربانییەکانی کێشەکانی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێن.