کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران سنووری ۷۷ هەزار کەسی تێپەڕاند

17:24 - 28 خاکەلێوه 2720

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ٧٧ هەزار و ٩٩٥ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ٤ هەزار و ٨٦٩ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، بەنیسبەت نوێترین ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٩٢ کەسی دیکە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە ٤ هەزار و ٨٦٩ کەس.

ناوبراو هەروەها ڕاگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هەزار و ٦٠٦ کەسی دیکە تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە و کۆی گشتیی تووشبووان بەم ڤایروسە گەیشتووەتە ٧٧ هەزار و ٩٩٥ کەس.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناوەندی لێکۆڵێنەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی بەراوردەکان ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا دوو قات لەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە زیاترە.