کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری کوژرانی خەزەڵوەر لە زاری سەرۆکی کومیسیۆنی تەناهی ڕێژیمی ئێران

19:04 - 12 جۆزەردان 2720

" موجتەبا زولنووری " سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەناهیی ڕێژیمی ئێران، باسی لە ڕێژەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو کردووە و ئامارێکی جیاوازی لە ئامارەکانی دیکەی ڕێژیمی ئێران بڵاو کردەوە..

لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ئێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە گرانبوونی نرخی بێنزین ڕژانە سەر شەقام  و لەلایەن ڕێژیمەوە بە خراپترین شێوە سەرکوت کران .

"موجتەبا زولنووری" سەرۆکی تەناهیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ٢٣٠ کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون.

 ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، لەهەر وڵاتیکدا کە گەڵاڵەیەک دەکەوێتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە، لەوانەیە کەسانێک لەگەڵی بکەون و کەسانێک زەرەرمەند بن .

 بەوتەی ناوبراو  ٤٩٧ ناوەندی دەوڵەتی و باڵاخانەی بەشی کەرتی تایبەت لە ڕووداوەکانی خەزەڵوەر زیانیان بەر کەوتووە.

بەپێی قسەکانی ئەو کاربەدەستانەی ڕێژیم ،لەم ڕووداوانەدا  ١٢٣شوێنی سووتەمەنی کەوتوونەتە بەر پەلامار و ٩٩١ بانک زیانیان بەر کەوتووە .

ناوبراو وتوویەتی ڕێژەی بریندارانی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەر ٢هەزار و ڕێژەی بریندارانی ئەمنییەتی لە سەرەوەی ٥ هەزار کەسه؛ هەروەها ٦ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون .