کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامارەکانی تەڵاق سەرسووڕهێنەرن

11:57 - 13 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ٩٧دا، ڕێژەی جیابوونەوە و تۆمارکردنی ئەم ڕووداوە لە ئاستێکدا بووە کە ساڵی ٩٧ وەکوو ساڵێکی پڕ لە تۆمارکردنی ڕووداوەکانی جیابوونەوە ناسراوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، لە ساڵی ٦٣دا، نێونجی تەمەنی هاوسەرگیری لە ژناندا تەمەنی ١٩ ساڵی بووە کە ئەم ڕێژە تەمەنییە لە ساڵی ٩٧دا گەیشتووەتە ٢٣ و ٢٤ ساڵی، لە نێوان پیاوانیشدا ئەم تەمەنە لە ٢٥ ساڵانەوە گەیشتووەتە، ٢٧ و ٢٨ ساڵان. بە واتایەکی تر، بە پێچەوانەی ڕابردوو، ئێستاکە زۆربەی لاوەکان خۆیان لە پێکهێنانی ژیان هاوبەش دەبوێرن و ئەوانەش کە هاوسەرگیرییان کردبێت، بە هۆی کێشەکانی ژیانەوە، هەوڵی جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان دەدەن.

"حەسەن مووسەوی"، بەرپرسی ئەنجومەنی مەدەدکارە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وتارێکدا وێڕای تاوتوێکردنی ڕەوتی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لە ئێراندا، بۆ دۆخی هەنووکەیی، دەستەواژەی "دۆخی سوور"ی بەکارهێناوە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامارە فەرمییە بڵاوکراوەکان لە دۆخێکی نالەبار سەبارەت بە هاوسەرگیری دەدوێن، لە لای ئەمەشدا ڕەوتی بەرەوزیادبوونی تەڵاق هەیە کە حاشای لێ ناکرێت.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ٧٧دا لە بەرانبەر هەر  یەک هەزار هاوسەرگیریدا، ٨٠ جیابوونەوە هەبووە، بەڵام ٢٠ ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ٩٧دا، ئەم ڕێژەیە ٤ قات بووەتەوە و لە بەرانبەر هەر یەک هەزار هاوسەرگیریدا، گەیشتووەتە ٣١٨ جیابوونەوە.

بەدواداچوونەکان نیشانیان داوە کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، بەگشتی ڕێژەی جیابوونەوە لە حاڵی زیادبووندا بووە و ڕەوتی گشتیی زۆربوونەوەی هاوسەرگیرییەکان تا ساڵی ٩٨ درێژەی کێشاوە و لەو کاتەوە تا ئێستا ڕێژەیەکی کەمتر ڕوویان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کردووە.

چوونە سەرەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێراندا، زیاتر بۆ هۆکارەکانی: بێکاری، نەبوونی داهات، نەبوونی خزمەتگوزاری، بەدینەهاتنی ئیدئاڵەکانی لاوان و تا ڕادەیەکیش بۆ ترس لە جیابوونەوە دەگەڕێتەوە، بە تایبەتیش کە هیچ ناوەند و بنکەیەکی پەیوەندیداری ڕێژیم لە بەرانبەر ئەم کێشەیەدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێت و ئەم  ڕەوتەش هەروا درێژەی هەیە.