کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامارەکانی ڕێژیم بەردەوام بە ناتەباییەکی زۆرەوە بڵاو دەبێتەوە

14:11 - 9 بانەمەڕ 2720

لە حاڵێکدا کە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٩١ کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام تەنیا لە تاران لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٣٤٠٠ کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە.

ڕێژیم بە مەبەستی کرانەوەی بازاڕ و شوێنە ئایینییەکان و گەڕانەوەی خەڵک بۆ ژیانی ئاسایی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بۆ دەربازبوون لە داڕمانی ئابووری دەیکات، ئامارەکانی کۆرۆنا دەشارێتەوە و ئامارێکی ناڕاست بڵاو دەکاتەوە.

"کیانووش جەهانپوور"، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٩١ تووشبووی نوێ لە وڵاتدا تۆمار کراوە کە کۆی گشتیی تووشبووان تا ئێستا لە ئێران دەگاتە ٩١ هەزار و ٤٧٢ کەس.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە "عەلیڕەزا زاڵی"، سەرۆکی ستادی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاران، باسی لەوە کردووە کە تەنیا لە تاران زیاتر لە ٣٤٠٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چوونەتە ناوەندە دەرمانییەکان و ٨٠ کەسیان بەهۆی دۆخی خراپی نەخۆشییەکەیانەوە لە بەشی "ئای.سی.یوو" خەوێندراون.

چەند ڕۆژ پێش، "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە دابەشکارییەکی نوێ بەپێی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا ئەنجام دراوە کە بە ٣ بەشی "سپی، زەرد و سوور" دابەش دەکرێت و لەو شارانەدا کە دۆخیان سپییە، مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان دەکرێنەوە.

ڕێژیمی ئێران بۆ خۆدەربازکردن لە قەیران و داڕمانی ئابووری و بە مەبەستی کرانەوەی ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی خۆی کە شوێنە ئاینییەکانن، ئامارەکانی کۆرۆنا کەم دەکاتەوە و خەڵک لەگەڵ هەڕەشەی مەرگ بەرەوڕوو دەکاتەوە.