کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانج لە یەکانگیری

10:00 - 15 خەزەڵوەر 2719

سۆران شەمسی

ئامانجی کۆتایی ھەر نەتەوەیەک لە پێداویستییەکانی ژیانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، تەنانەت بەردەوامبوونی ژیان لەم دونیایەدا پێویستی بە پلان و ھەوڵێکی ڕێکخراوەییە. پێکھێنانی شێوەیەک لە ژیان کە ئامانجی تەنیا مانەوە نەبێت، پێویستی بە ڕێکخستن و سیستمێکی بەھێزی سیاسییە.

لە ئاستی بانتر و دژوارتر، کۆمەڵگای سیاسی چوارچێوەیەک دەدات بە دەستەوە کە مانا و بڕوا بە ژیانی حەشیمەتەکەی دەبەخشێت و شێوە دیسیپلینێکی مرۆڤانە جێنێشینی بێسەرەوبەرەیی دەکات.

کۆمەڵگای سیاسی وەکوو ڕانانێکە کە بۆ شارۆمەندانی پلان دادەنێت و خەڵکیش بەپێی ئەم ڕۆڵانە بە ژیانی خۆیان مانا دەبەخشن.

مرۆڤ بێ کۆمەڵگا و سیاسەت توانای ژیان کردنی نییە، لە سەرەتاوە لە ناو کۆمەڵگادا لەدایک دەبێت و کۆمەڵگایش پێویستی بە ئیدارەی سیاسیی هەیە.

ئەگەر کۆمەڵگا وەکوو پەیکەرێکی سیاسی پێناسە بکەین کە بە ھێز و دەسەڵاتی خۆی بتوانێت ئارامکەرەوەی ژیانی ھەمەلایەنە بێت، پێکەوەبوون لە ڕوانگەی ئێمەوە بە کرداری تاک لەگەڵ خۆی و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا و کەسانێکی تر پێناسە دەکرێت.

یەکێک لە گرینگترین ھۆکارەکانی سەربەخۆیی سیاسی و دەسەڵاتدارییەتیی نێودەوڵەتی نەتەوەیەک و گرینگیدان بە بوونی یەکدەنگی لە کۆمەڵگا و کاریگەری لە سەر دۆخی سیاسیی وڵات یەکگرتووییە، ڕوونە و پێویستە کە کەسانی سەرکردە و دەسەڵاتداری ھەر نەتەوەیەک، یەکدەنگی لە تەواوی پلانەکانی ستراتیژیکی لەبەر چاو بگرن و جێگیری بکەن، چوون ھیچ پلان و بەرنامەیەکی سیاسی و تەنانەت سەربازیی بەبێ بوونی پشتیوانێکی بەھێز لە یەکدەنگی بە ئاکامێکی سەرکەوتووانە ناگات.

یەکێک لە ھۆکارەکانی پێشکەوتنی نەتەوەکان و ھێمای خووگرتنیان، یەکیەتی و یەکگرتووییە، ئێمە وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، خوازیاری یەکگرتوویی و یەکدەنگبوونی تەواوی ڕێکخراوە سیاسییەکان لە بەرانبەر ئەو پرسانەین کە لە سەر ڕێگای وڵاتەکەمان بوونی ھەیە، ھەر بۆیە دوژمنانی ئێمە بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد ھیچکات زاتی بەربەرەکانێی لەگەڵ ئێمەیان نییە.

ئەگەر یەکگرتوویەکەمان ڕابگرین، دەسکەوتەکانمان زۆر دەبێت و ڕۆژانی ڕەشی ڕابردوو دووپات و چەندپات نابێتەوە، بە یەکگرتوویی دەتوانین بیسەلمێنین کە نەتەوەی ئێمە ھەمووکات و لە ھەر دۆخێکدا لەگەڵ یەکن و ھێزی لەشکاننەھاتووی ئێمە ھەر ئەو یەکگرتوویی و یەکدەنگبوونمانەیە.

یەکێک لە کاراترین واتاکان کە ھەر کۆمەڵگایەک ئەرکی ڕاگرتن و بەھێزکردنی بێت، باسی یەکگرتووییە.

مانەوە و نەمانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرە مرۆڤایەتی و ئەمڕۆییەکان ئەگەرچی پەیوەندی بە ھێزی ئابووری و ھێزی بەرگرییەوە هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا بەڕێوەبەرییەکی زانستییانە و بەدەستھێنانی دەسکەوتێکی ئاسان و گەیشتن بە دەوڵەمەندی و خۆڕاگری، ھێزی یەکگرتوویی هەیە، کە بەردەوامی شارستانیەت و کۆمەڵگا لە نێوان کاتدا دەستەبەر دەکات و بەستەری ئۆتۆریتە و ئێعتبارەکەی دابین دەکات.

ئەمڕۆ یەکگرتوویی نەتەوەی کورد ئەوە دەگەیەنێت کە دەورەی زۆرەملی و دیکتاتۆرییەت و ھێزی پووشاڵی کۆتایی پێ ھاتووە و تەنیا ئازادی و دیموکراسییە کە دەتوانێت ئەم خەڵکە تینووە تێرئاو بکات.

ڕێژیم باش دەزانێت کە جێگای زانایان لە بەندیخانەیە تا نەتوانن شەپۆلی زانیارییەکانیان لە ناو دڵی خەڵکدا بڵاو بکەنەوە، بۆ ئەوەی کە ئەم چرۆ نەبێتە ڕیشە و بپێچێتە دەوری کورسی دەسەڵاتیان و ببێتە ھۆی ڕووخانی حکومەتەکەیان، دیکتاتۆر ھەر شتێک بکات ناتوانێت ئەو ترسەی کە لە چاو و دڵی کەوتووە بیشارێتەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تەنیاتر دەبێت، میلیۆن ڕەقەمێکی گەورەیە بەڵام ئەو ڕەقەمانە باورپێکراون کە لە مێشکی دۆڕاوەکاندا پێک نەھاتبێت، دیکتاتۆر ئەمە دەزانێت و نایشتوانێت لەبیری بکات کە ئێمە زۆر زۆرین، دەربازبوون لە دیکتاتۆری بەرانبەرە لەگەڵ یەکگرتوویی خەڵک. ھەرکات کۆمەڵگا لە بواری یەکدەنگی پەرە بستێنێت، فەرھەنگی سیاسی زیاتر حاکم دەبێت و لە ئاکامدا چاودێری خەڵک لەسەر کاری دەسەڵاتداران زیاتر دەبێت، کاتێک یەکدەنگی و یەکگرتوویی لەناو خەڵک پێک بێت ئەوکاتە دیکتاتۆری ھەوسار دەکرێت و دەڕووخێت.

لەو جێگایەی کە ھیچ ھەوڵێک بەبێ پلان و ڕێکخستن بە ئاکامی باش ناگات و ڕێکخستنی لەناکاو بەڕاحەتی بەدەست نایەت، ئەبێت بۆ بەدەستھێنانی، بناغەیەکی بەھێزی بۆ دروست بکەی. ئێستا ئەگەر ئەو پلان و ڕێکخستنە شایانی ئازادی و سەربەخۆیی مرۆڤ لە کۆیلایەتی یان ژێردەستەیی بێت و چاوەڕوانی ھەموو ڕووداوەکان بێت کە لە ھەرکات و زەمانێک ڕوو دەدات، ئەگەر پلان و ڕێکخراوەیەکی بەھێز بێت بەدڵنیاییەوە ئاکامەکەیشی بە دڵی ئێمە دەبێت، ئەو کاتەیە کە خەڵک دەگەنە دێموکراسی و ئەو باوەڕەی کە مافی چارەنووسی خۆیان ھەیە، بۆ بەرانبەری لەگەڵ ھەڕەشە و گوشار ئەبێت ھەنگاوی بنەڕەتی و بەھێز بۆ پێکھێنانی یەکگرتوویی و خەباتێکی ھەمەلایەنە بەرەو پۆزەتیڤکردنی ھەڕەشە و  گوشارەکان ھەڵ بگرین و لەم ڕێگایەوە ببینە ھۆی بووژانەوەی ورەی بەرز لە نێو ھەموو چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا.

نەتەوەی ئێمە لە ژێر ئاسمیلەی فەرھەنگی کە لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆی ھیچ ھاوچەشنییەکی نییە، تووشی خەفەقان بووە و ڕێژیمیش کەوتووەتە تەنگاو و لەسەر بێهیوایی ڕۆژانە کارەساتێک دەخوڵقێنێت، چل ساڵە کە دەسەڵاتی سیاسییان بەرتەسک کردووە و خەڵکیان کردووەتە کۆیلە و ژێردەستەی خۆیان، بەڵام لە داگیرکردنی ڕۆح و ئیرادەی خەڵک ماونەتەوە.

خەڵکی سیاسی دەروەست بێزار دەکەن یان بوونەتە ھۆی کۆچیان لە وڵات کە چەند میلیۆن تاکی بژاردە و نوخبە لە خەڵکانی ئێرانیان ئاوارە کردووە کە ئەمە خۆی نیشانەیەک لە خۆڕاگریی فەرھەنگی و سیاسیی خەڵکی ئێمەیە، ئێمە شارستانیەت دروست دەکەین و ئێستا مێژووی ئێمە لە جیهاندا ئەدرەوشێتەوە.

ئەگەرچی مەبەستمان لەوەی کە ئێمە مێژوومان ھەیە و ئێستا ئەمانھەوێت بگەڕینەوە بۆ ئەو سەردەمە نییە!  بەڵکوو نەتەوەیەک کە شارستانیەتی دروست کردووە، دیسانەوە دەتوانێت مێژوو تۆمار بکات و شارستانیەت واتە وڵامدانەوە بە پێداویستی و پرسیارەکانی ئێستا، ڕابردووی ئێمە وڵامدەری پێداویستییەکانی کاتی خۆی بووە، ئەو پێداویستی و پرسیارانە هی ڕابردووە، بەڵام بە پاڵپشتی و پشتبەستن بە بنەمای ھاوبەشی ئێمە شوناسی ھاوبەشی مێژووی ئێمە کە کوردستان گرینگترینیانە  و بوارەکانی نەتەوەیی و مێژوویی کە ئێمە ھەمانە دەتوانین دیسانەوە شارستانییەتێکی پڕ لەشانازی دیکە تۆمار بکەین.

 بەڕاستی ئەبێت ئەم کارە جێبەجێ بکەین و ئەم کارەش تەنیا پێکەوە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و تێگەیشتن لە یەکتر ئەنجام دەگرێت، ئێستا کاتی یەکگرتوویی گەیشتووە.

مافی خۆمانە کە ژیانێکی ئەمن و ئابرومەندانەمان ھەبێت بەڵام بەبێ یەکگرتوویی ناتوانین بەو ژیانە بگەین، نەتەوەی ئێمە ئەبێت یەکدەنگ بێت تاکوو بتوانێت حکوومەتێکی خەڵکسالار و دیموکراسیی ڕەها بەڕێوە بچێت، کۆمەڵگا تەنیا نابێت ئازادی بوێت، بەڵکوو بزانێت کە بۆ ئەم ئازادییە ئەبێت نرخ بدات و داکۆکی لێ بکات.

ئەگەر نەتەوەیەک ئازادی و سەربەخۆیی و دێموکراسی بوێت و بۆ گەیشتن بەوانە تێچوو و نرخ بدات، ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لەبەرانبەر ئەواندا ڕاوەستێت، ھەر بەو شێوازە کە بینیومانە و لەبەر چاومان بووە.

ئێمە لەنێوان ساڵانی ڕابردوودا تاوانی قورسمان بۆ ئازادی داوە و ئێستایش دادپەروەرانە نییە ئەو دەسکەوتانەی کە بە قوربانیبوونی ھەزاران لەسێدارەدراو، بەندکراو، ئەشکەنجەگەلێک کە بەردەوام لاوان و ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگای کورد بە ھۆی گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەدەستیان ھێناوە بە ئاسانی چاوپۆشی لێ بکەین.

بڕێک لە یەکگرتووییەکان ھەن کە پارەیشیان ھەیە، کەرەستەیشیان ھەیە، ھەموو زلھێزەکان و داگیرکەرانی جیهان لەگەڵیانن بەڵام ڕیشەیان نییە، خۆیشیان باش دەزانن کە ڕیشەیان نییە، یەکگرتوویی کوردستان ڕیشەی ھەیە و ئەم بناغەیەش لە خەڵکدا پێکھاتووە.

جیهان ئاگادار دەبێتەوە کە نەتەوەی قارەمانی کورد ئەوکاتە کە باس لە یەکپارچەی خاک و سەربەخۆیی و داکۆکی لە خاکی نیشتمان بێت، حسێبێکی جیا دەکەنەوە، کوردستان ھەمووکات سەلماندوویەتی سەرەڕای تەواوی قەیران و نەھامەتییەکان، سەرەڕای خۆراگڕی لەبەرانبەر دیکتاتۆرییەتی حاکمیەت، سەرەڕای ھەڵاواردنی نەتەوەیی و جنسییەتی بۆ داکۆکی لە نیشتیمان، لە ھەر تەمەنێک بێت و بە ھەر ئامرازێک و بە هەموو تواناوە تا دوایین ھەناسەیان پاسەوانی لە شەرەف و کەرامەت و سەربەرزی و یەکپارچەیی خاک و حاکمییەتی نەتەوەی خۆیان دەکەن و یەکدڵ و یەکدەنگ و بێھاوتا وەکوو شاخ لە بەرانبەر ھەر ھێرش و دەستدرێژییەکی دوژمن ڕادەوەستین.

ئێستا دەرفەتێک ھاتووەتە پێش تاکوو بە چاولێکردن لە ڕابردوو ڕێگای بۆ داھاتووی خۆمان خۆش بکەین و یەکدەنگیش بکەینە ھەوێن و بناخەی ئامانجەکانمان.

کاتێک خەڵک لە یەک جێگا یەکگرتوو دەبن، پشتیوانی یەکن، لەگەڵ یەکدان، ئەم یەکدەنگییە پارێزراوە، غرووری نەتەوەیی بەدەست دێنێت، دەسەڵاتدار دەبێت و ڕووخانی ئەستەم دەبێت، وەکوو دارێک کە لە قووڵایی زەوی ڕیشەی کردبێت، ئەمە ناتوانێت لەبەین بچێت، بە چاوخشاندنێک بە بارودۆخی ئێستادا دەتوانین بڵێین کە سیمبۆلی یەکگرتوویی و بەھێزکردنی ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد بووە.

تەنانەت ئاستی لەسیدارەدراوانی سیاسیی خەڵک بە حیزبەکان لەم سەردەمە بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو زۆر بووە، لە دۆخی ئێستادا تەنیا یەکدەنگییە کە ئاکامێکی باشی بەدواوەیە و یەکگرتوویی و ھاودڵی ھێمای بەئاکامگەیشتنی داخوازییەکانی خەڵکە و ئۆمید ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی بە ئاواتی خۆیان کە ئازادی و دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسە، بگەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.