
بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی تیمی دانوستانکاری ڕێژیمی ئێران بۆ شاری "ڤییەن"، "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی بەشداریکردنی ئەو ڕێژیمە لە خولی نوێی دانوستانەکان، گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک کە ئێران بتوانێت ئازادانە "نەوتـ"ـەکەی بفرۆشێت.
"ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وتوویەتی: "گرینگترین پرس کە دەبێ لەسەری ڕێک بکەوین ئەوەیە کە نەوتی ئێران بە ئاسانی و بەبێ هیچ چەشنە بەربەستێک بفرۆشرێت و بتوانین پارەکەی بە شێوەی دراو بخرێتە سەر حیسابی بانکەکانی ئێران".
بە وتەی چاوەدێران، ئابووریی ئێران بە تەواوی داڕماوە و سەرانی ڕێژیم بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە بتوانن بە ڕێککەون لەسەر فرۆشی ئازادانەی نەوت، نەختێک لە کورتهێنانی بودجەیان قەرەبوو بکەنەوە، هەروەها بە فرۆشی نەوت، لەسەر سیاسەتی پشتیوانیی ماڵییان بۆ تێرۆریزم بەردەوام بن و ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە دیسان تێک بدەن.