کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجی فیلمی "نون.خ" چییە؟

17:42 - 9 بانەمەڕ 2720

قەندیل پیرانشاری

لە سەردەمی نوێ و پێشکەوتنی شارستانییەت و گەشەی تەکنۆلۆژیا، سوشیال میدیاکان، لەم گۆڕەپان و ئاستە نوێ و باری بچوککردنەوەی جیهانی پان و بەرین، بە ڕێژەی بچوککردنەوەی گوندێک بە ناو گوندی جیهانی، هەر دەم جیهان هاوشێوەی چوارچێوەیەکی تەکنۆلۆژیایی، لە بەردەم چاوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و تاکی ئەم کۆمەڵگەیە بووە.

گەشەی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنی مۆدێرنیتەی جیهانی بۆ بچوککردنەوەی جیهانێکی بەم شێوە مەزنە، هاوشێوەی گوندێکی بچوک و چەند ماڵی لە بازنەی تایبەتی سووڕانەوەی گەشەی تەکنۆلۆژیایی بە ڕەچاوگرتنی بارێکی ئیکۆنۆمیکی، ئەم ئاستە گڵۆبالیستییەی بە قەبارەی ئامێرێکی بچوک بچوک کردووەتەوە و لە سەردەمی پەیوەندییەکان و جیهانی پێوندییەکاندا، ئەمە سوشیال میدیایه بە شێوەیەکی بەرفراوان و بڕواپێکراو، هەردەم لەژێر چاوەدێریی جۆراوجۆری کارایی و چالاکیی خۆیەوە، بەردەوامە.

چ بەرنامەیەکی داڕێژراو و چ هەنگاوێک بۆ گەیاندن و بە ئاکام گەیشتنی ئەم بەرنامانە هەیە جگه لە ئەمەی کە لەم گونده شێوە سیستمی زیگۆراتی سومێری لە بەرزترین شوێنی گردی ئەم گوندە ئاوا بکرێت و لە خوارەوەی گوند، مەڕقەدێکی پیرەچاکێک و لە بەردەم هاتنەژووری گوندیش، کێلەقەبری چەند ڕێبەرێک و لە نێوەندی گوندەوەش چەند شوێن بۆ بانگەشەی ئەمانە ساز بکرێت تاکوو دانیشتوویانی ئەم گوندە، خەریکی پەڕۆبەستن و پەتک هەڵاوەسین بە کۆڵەکە و دارەویشکهەڵاتووی ئەم چاکانه بن.

 جیهانی پێنجەم و سەردەمی پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیایش بە کەڵکوەرگرتن لە سوشیال میدیا و ڕاگەیاندن و کاناڵە میدیاییەکان، دەوری ئەم پێکهاتانەی گوند بەجێ دێنێت و پێکهاتە و بەرنامە و بەشەکانی ئەم میدیایەش، ئەرکی ئاغاوەت و کوێخای ئەم گوندە دەگرنەبەر و پێشکەشکار و دەرهێنەریش، دەوری سەرەکیی بانگەواز و پێشڕەوێکی ئەم ڕوانگانە دەگرنە ئەستۆ.

ئەم ئاستەی تاپۆلۆژیکی جیهانییەش، سەرەڕای ئەمەی کە ئاستێکی گڵۆباڵیستی گرتووەتە بەر، بە شێوەیەکی بەرچاو و مەترسیدار لە بەشی دێرین و دیرۆکی، ناوەندی شارستانییەت و مۆدێڕنیزەکردنی جیهان، لە ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی و لەوێشەوە بەشی هەرەزۆری ڕۆژهەڵاتەوە، بە ئاستێکی بەرچاو و زەق، بەهۆی باری فناتیکیزمی چوارچێوەی ئەرکیۆلۆژیکی، ئارکائیسمی و تیۆلۆژیکی ئەم ئاستە توانایی خۆدەرخستن و پتەوکردنی بەهێز و بەرنامەداڕێژراویی خۆی مسۆگەر دەکات. بەتایبەت لە وڵاتانێک کە لەژێر باری چوارچێوەیەکی تریباڵیستی و بازنەیەکی تێئۆکراسیەتەوە بە شێوەی سیستماتیک و شێوازمەندەوە، وا خەریکی وەسەرخستنی ئامانجە بەهێزه‌کانی خۆیانن، ئەم ئامانجەش بە چ شێوازێکەوە، شێوازمەند و سیستماتیکییانە دەچێتە پێشەوە، بە کەڵکوەرگرتن لە هەستیارترین باری ڕوانگەی چەپی دەروونی پێکهاتەکانی ئەم ڕێبازگە و ئایینییەوە، بە ئەنجام دەگات.

سوشیال میدیای دەرەوە و نێوخۆیی لە ئێران، هەردەم بەم تێئۆریە و باری سیستماتیکەیەوە توانیوێتی بەشی میدیایی خۆی بەهێزێکی پاراو و پتەو لەنێو چینی بازاڕی و ئاینمەداری خۆی ببەستێتەوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆکار کە لە ئاستی میدیاییەوە سیاسەتێکی فاشیلانە نەگرێتە بەر، میدیا نێوخۆیی و دەرەوەیی ئێران، هەردەم بە شێوازەگەلی جیاواز، لە دەوری هەستیاری و باری دەروونی کۆمەڵگەی خۆی سووڕاوەتەوە، ئەم دەسەڵاتدارییە بەشێنەیی لە هەستی فناتیک و ڕادیکاڵی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەرزیی وڵاتی خۆی بۆ پێگەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی چالاک و کارا بووە. ساڵانە بەپێی ڕوانگەی پێکهاتەی زۆرینەی باوەڕی ئایینی ئەم وڵاتە، سوشیال میدیا دەورێکی سەرەکی و ئەرکێکی گرینگتر لە گشت ئۆرگانەکانی دەرەوە و نێوخۆیی ئێران دەبینێت و بەجێ دێنێت، بەگەمەگرتنی بڕوای ڕێبازگەیی و ئایینی ئەم گەلانە و لە سوچێکی دیکە ڕێزگرتنیان، هەردەم سیاسەتی نەرمی ئەم دەستەڵاتەی دەرخستووە و ئاشکرای کردووە.

لە سیستمێکی تەواو ئاریستۆکراتییەوە، سیستمێکی تەواو ئەشرافزادەگیەوە، هەردەم وا خەریکە کە باری سەرنج و وردبینیی چاوەکان، بە کەڵکوەرگرتنی لە باری ئایینی و ڕێبازگەیی ئەم مەڵبەندە و دانیشتووەکانی، بباتەوە سەر ئەفسانە قارەمانەکانی ئەم ڕوانگە زاڵە بەسەر کەش وهەوا و ژینگەی ئەم وڵاتە ئەم سیاسەت و تواناییەش، بە شێوازێکی چالاک و پتەو، هەردەم لە لووتەکەی ئەم کۆمەڵگەیەدا بقوە.

لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەم سیستمە بەرەو پراکتیک هەنگاوی هەڵێناوەتەوە و تەواو و چالاک بە ئاکامی خۆی گەیشتووە و هەردەم بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ بۆ ئەم ڕوانگەیە وەڵامدەر بووە چۆن بە هەر شێوەیەک بێت، کاری لەسەر باری دەروونی و هەستی دەمارگرژانەی بیر و بڕوای ئایینی گەل کردووە و کەڵکی لێوەرگرتووە.

ساڵان پێکهاتە کۆنەکانی ئێران، ئەم گەلانەی کە چ لە زمان و چ فەرهەنگ و چ چاند و چ دابونەریت و چ دیرۆک، خاوەن مێژوویەکی زەنگین و بەسامانن  وەبەر پەلاماری فەرهەنگی و شێوە شەڕێکی نەرمی بێدەنگ کەوتوونە.

 لە کۆمەڵگەیەکی تەواو تابۆکراو و ژێردەست لەژێره ێژمونی ڕوانگە و ڕامانی زاڵی دەسەڵاتدارییەوە، لە کۆمەڵگەیەکی ژێرڕکێفی ئاپارتایدی فەرهەنگی و ڕەگەزییەوە، لە کۆمەڵگەیەک کە تەواو ئانالفابیستی فەرهەنگی و زانستییە، دەنگوڕەنگ و سوشیال میدیا هەردەم لە نەبوونی زانیاری و زانستی ئەم کۆمەڵگەیە، کەڵکی تەواو بەجێی وەرگرتووە و باری تەواو ئەرێنیی ئامانجەکەی خۆی وەرگرتووە و توانیوێتی هەردەم کاریزماسازی و باری دەوڵەت نەتەوەی زاڵ بەسەر گەلانی دیکە، پتەو و دەستبەهێز بباتە پێشەوە. چوارچێوەی ئەم دەنگوڕەنگ و سوشیال میدیایە، بە شێوەی سیستمی تەواو ئۆبسکیورانستیزمی کە نەیویستووە و نەیهێشتووە ئەم گەلە تێکەڵ بە زانست بێت و زانین بناسن، ئەمە هەردەم ڕوانگە و ڕامانی زاڵی خۆیان، بێ هیچ شەڕ و خوێنڕشتنێک، بە ئاکام و ئەنجام گەیاندووە و سەریانخستووە.

میدیا ڕەسمییەکانی ئەم دەسەڵاتدارییە، هەردەم و لە هەر قۆناغێکی زاڵ بەسەر ئەم مەڵبەندە کە دەسەڵاتێک بە سەریدا زاڵ بووە، هێز و ده‌ورێکی پتەوی هەبووە.

 دیارە کە باری چوارچێوەیەکی وەکوو تی ڤی ناگاتەوە مێژویەکی ئەوتۆ، کەچی هەواڵنێری و باری ئاگاداری و ڕوونکردنەوەی گەل بە هەر شێوەیەک کە باری ڕۆژنامەیی بووە و دواتر تی ڤی و دواتر سوشیال میدیا و لە سەردەمی نوێ و سەردەمی پێوەندییەکان و جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەی جیاجیا باری نەگەتیڤ و پۆزەتیڤی بۆ تاکی ئەم جیهانە بچوکە هەبووە و دەبێت.

سیاسەتی بەستن و ژێرچەپۆککردنی فەرهەنگی و هێرش و سوکایەتی بە گەلان و پێکهاتەڕەگەزی و ئایینی و زمانییەکانی ئێران، لەلایەن ناوەندی ڕەسمیی دەنگ و ڕەنگی ئێرانەوە، سیاسەت و هێرش و تێکدانێکی نەرم و بەکاوەخۆیی سیستماتیکی لە پشتەوە و بە شێوەی زۆر گەڵاڵەداڕێژراو و پتەوکاری بۆ کراوە و بە ئاکام گەیشتووە.

هەردەم ئەم هزر و ڕوانگەیە بە شێوەی گەمە بە زار و بنزاراوەی جۆاروجۆری ئەم وڵاتە، چ بە شێوەی چەند کەسێکی گاڵتەجاری و فشەکەر و دواکەوتووی هزری بەناو (جوک خنده، پایتخت، کنسرت طنز) یان کاریزمای فشە و گەمە و بێبنەمای وەکوو (حمید ماهی صفت، حسین ریوندی) و ئەم جۆرە ڕوانگە و هزرانەی کە لە کارگەی ئەم سیاسییەتەوە پەروەردە و ڕێگەپێدراون و کوردیش و ئازەریش و بەلووچیش و گشت پێکهاتەکانی دیکەی ژێرهێژمونی ئەم دەستەڵاتدارییە، بە شێوەیەکی کارکراوی پسکۆلۆژیکی و ئاستی تاپۆلۆژیکی ئەم کارەساتە، بە شێوەی زۆر چالاک و زۆر پتەو، ئەم کاریزمایانە دەپەرەستن و بەئاواکرنی کاناڵی تۆڕەکۆمەڵایەتی و دانانی هەژمارەگەلی فەیسبووک و ئینستاگەرام و سازکردنی بابەتەگەلی جۆراوجۆر بەناو (دوبلەی فڵان شار) یان کاناڵی تۆڕەکۆمەڵایەتی وەکوو (جۆکی کوردی) و ئەم بابەتە بێبنەما و دواکەوتوویانە بە ڕوونی سەرکەوتنی ئەم ڕوانگە و ڕامانە، ئاشکرا و دەردەکەوێت کە بە چ شێوەیەک ئەم شەڕە نەرمە بەبێ هیچ کێشە و سەرهێشە و کوشتن و ڕفاندن، سەرکەوتوو بووە و وەڵامدەر بووە.

گەمەکردن، فەشەکردن، گاڵتەجاریەتی، ئەمانە لە درێژەیە بە ستانداردکردنی هزری فاشیستی ڕوانگە و ڕامانی دەستەڵاتداری زاڵ بەسەر کورسی ئەم وڵاتە، لە چوارچێوەی پێتەختکردنی شاری تارانی مێژوویی کە هیچ شوێنەوار و بابەتی زمانی و فەرهەنگی و چاندی فارسی تێدا دەرناکەوێت و نادۆزرێتەوە، هەردەم ناوی "شارستانی" بۆ گەلانی دیکەی ئێران وەکوو بابەتێکی شاراوە، بەڵام ئاشکرای بێڕێزی و سووکایەتی و پێکهاتە و چینی دەستە دووهەم و سێهەم و چوارەمی ئەم کۆمەڵگەیە، بە شێوەیەکی پاراو و مەترسیدرا بەکارهێندراو، ئاستی ڕاسیستی و شۆنیزمی چاندی و زمانی ئەم گەلە، کە لە هیچ بەڵگە و سەرچاوەیەکی مێژویی خاوەن هیچ دیرۆک و زمانێکی پاراو بە خۆیەوە نییە و نەبووە، کەچی هەردەم لە بابەتە مێژووییەکان بە گەلێکی دز و تاڵانکەر و چەتەی فەرهەنگی و زوانی لەلایەن ئۆرینتاڵیسمەکان ـ ڕۆژهەڵاتناسەکان و تەنانەت مێژوونووسانی یۆنانی و ڕۆمی ناسراون و ناویان هێندراوە، ئەمە ئەم هزرە و ڕوانگە داگیرکەرە لە درێژەی سیستمی دەوڵەت نەتەوە و دروشمی یەک ئایین، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک وڵات، یەک دەسەڵات، یەک سروود و یەک زمان بە ئاواکردنی ئاکادیمیای زانستی و کاربۆکراو و بە شێوەی کەڵک وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای سەردەم و هێزی توندی دەسەڵاتداری و تێکدانی ژینگەی گەلانی دیکە، ئەمە بە کەڵکوەرگرتن لە کەسگەلی ناودار و کاریزماسازکەر، بەناو دوکتورای زمان و دوکتورای مێژوو و لەم بابەتەگەلە لەنێو هەر پێکهاتە و زمانی ئەم گەلانە، بە شێوەی سیستماتیک بەناو زانست و لۆژیک، خەریکی زاڵکردنی جیهانی ناوی پارس بەسەر گشت گەلانی خاوەن ئەم خاک و مەڵبەندەیە بە یارمەتی وەرگرتن لە کەسەگەلی دەرچووی ئەم کارگەیەیە.

 ئەمەیە کە وشەی /شارستان/ کە لە مێژوی مرۆڤایەتی مرۆڤەوە بە ناوەندی گەشە و مۆدێرنیزم و سەرهەڵدانی شۆڕشی هزری و کۆمەڵایەتی ناسراوە، بە شێوەی سووکایەتی و بێڕێزی وەکوو /شارستاننشین/ کەڵکی تەواو نەگەتیڤی لێوەردەگیرێت.

بە ساڵانێکە ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ئەم هزرە، گەلی بە دوور لە پەیتەختی ئەم وڵاتە، نەفام، گێژ، دواکەوتوو، گەمژە، شپڕێو، شەپڵە، بێدەسەڵات، بێسەواد و نەخوێندەوار...تاد، لە ئاست تاکێکی تارانی ناساندووە، سیستمی هیراریکی فەرهەنگی و چینایەتی لەم سیستمە کاربۆکراو و گەڵاڵەداڕشتراوە، لە پێتەختیش بە شێوەی سەروەوەی شار و نێوەندی و خوارەوەی شار، هێزی سیستمی کاپیتاڵ ڕادیکاڵ و ئێمپریالیستی هزری و ئابووری و فەرهەنگی ئاشکرا و دەردەخات و دەرکەوتن و سەرکەوتنی ئەم شەڕەنەرمەی فەرهەنگی تەواو نیشان دەدات.

هیچ دراما و فیلمێکی کە بۆنی ئەم هزرەی لێنەیت و تێیدا سیستمی یەک ئایینی و یەک دەوڵەتی تێیدا دەرنەکەوێت، لەژێر تیشکی سانسۆر و ڕێگەپێنەدان تێپەڕ نابێت و ناکرێت و هێڵان (مجوز) وەرناگرێت، دەبێت تاکێکی تارانینشین، کەسێکی پڕۆفسۆر و زانا و فەرزانە و لێهاتوو بێت و تاکی شارستاننشین و گوندنشین، دواکەوتوو و گەمژە و پیشکێر و شپڕێو بێت، تەنانەت ئەگەر ئەم کەسە دوکتور یان شوانێک بێت.

بە درێژایی ئەم سیستمە، گەلی لوڕ، ئازەری، مەشهەدی، یەزدی، کرمانی، شیرازی...تاد، بەگشتی لە دراما و فیلمەکانی ئەم سیستمە، کەسەگەلێکی نەخوێندەوار، دواکەوتوو، پیس، چڵکن، نەفام، خاوەن زاراوەی سەیروسەمەرە و جێگەی گەمە و گاڵتەی کاریزمای تارانین کاتێک کە پارسی سازکراوی  عەرەبی و فەرەنسەیی دەدوێت.

ئەمەی کە لە دراما و فیلمەکانی ئەم سیستمە، تارانی سەرەوەی شار نەبێت، بە زۆر لە فیلمەکان، کەسەگەلێکی شوان، نەخوێندەوار، چڵکن، پیس، دواکەوتوو، هەژار، هەردەم بە دوای دزییەوەیە، نازانێت تەکنۆلۆژیا چییە، نازانێت جیاوازیی جوانکاری ژنان و پیاوان چییە، نازانێت جیاوازیی شار و گوند چییە و مەڕ و ماڵات دێنێتە نێو شار، نازانێت زانستگە چییە، ئەم کەسانەی کە سەربازن یان خوێندکارن دەچنە ئەم شارە، هەردەم تووشی ئاوارەیی، زگپڕبوون، گیرۆدەبوون بە ماددەسڕکەرەکان لەلایەن کەسانێک کە بەڕەگەز نە فارسن و نە تارانی! شەوی یەکەم و دووەم لە تاران لە گرتووخانەی کاتی تێپەڕ دەکەن، ئەم کەسانە جیاوازی پیتزا و دۆڵمە، کولێرە لەیەکتر نازانن، جیاوازیی حەڵوا و گریز و خورما و پیسایی پشیلە و تۆو و کشپلی مەڕ لە یەکتر نازانن و ناکەنەوە...تاد، منداڵەکانیشیان گەر جگە لە تاران لە هەر شوێنێک لەدایک ببن بەم شێوەن و گەر لە تاران لەدایک ببن سەداسەد تەواو لەگەڵ خۆیان جیاوازن و پێیان شورەیی و سڵە کە بڵێن لەم بنەماڵەیەن!

ئەمانە گشتی پێناسەی ئەم کەسانەن کە لە فیلمەکانی ئێران چ لە سەردەمی شای ئێران و چ ئێستای ئێران، بە شێوەیەکی چالاک و پتەو، ناسنامە و پێناسەی گشت گەلانی خاوەن ڕۆشەنبیری گەورە و نووسەر و شاعیر و دوکتور و بیرمەند و زانا و شارەزا و بلیمەتی نافارس و ناتارانین، ئەم سیاسەتە زۆر بەشێنەیی و زۆر بەکاوەخۆیی چووەتە پێش و تاک بە تاکی گەلانی ئێران، بە شێوەیەکی تایبەت، ڕاهاتوون و فێرکراون و سەرومل دەشکێنن بۆ سەیرکردنی فیلمەکانیان چ دوکتور و سەواددار، چ نەخوێندەوار و نەخۆش، تەواو ڕەنگ و شێوەی پێناسەی ئەم فیلمانەیان گرتووە و وەکوو پەیکەرەیەک، داتاشراو و سازکراون.

ڕۆژنامەی ئەم سیستمە، لە ساڵی ٨٥ی هەتاوی، بە ناوبردن و پێناسەی بەرسورکە (سوسک خانگی) بۆ گەلی ئازەری، قۆناغێکی نوێ بۆ ئەم هزرە ئاوا کرد، کە کاردانەوە و کوشتنێکی زۆری لێکەوتەوە.

دەنگ و ڕەنگی ئەم دەسەڵاتدارییەش، بە شێوەی کارکردن لەسەر هزر و ڕوانگەی منداڵ، بێڕێزی و سووکایەتی بە گەلی ئازەری و کورد لە کاناڵی میدیایی دووی ئێران، کە تایبەت بە کارتۆن و پرۆگرامی منداڵانە بوون، ئەم سیاسەتەیان بردەسەر لووتکە و گەشەی پێدا.

ئێستاش پاش زنجیرەدرامای پایتەخت کە تێیدا دواکەوتی و نەفامی و هەژاریی مێشکی گەلی باکووری ئێران وەکوو گەلی گیلەکی، مازەنی، تاڵەشی، تاتی...تاد، کە هەردەم لە فیلمەکانی ئێران، خاوەن مێشکێکی هەژار و دواکەوتوو و فەقیرحاڵەن، ئەم جارە نۆرە گەیشتووە زنجیرە درامای، فیلمێک بەناو (ن.خ).

پاساو، دەرهێنەری ئەم فیلمە کوردە!

سەعید ئاقاخانی، بە وێنەی کوردێک مافی هەیە، فیلم ساز بکات! سیناریۆ دووپاتەکانی دەنگ و ڕەنگ و سوشیال میدیای ئێران، بۆ سەرپۆشی و چاوپۆشی هەڵەکان و بێڕێزییەکانی خۆیان، کە کوردێک ئەم درامایەی ساز کردووە!

من وەکوو نووسەر و ڕووناکبیرێکی کورد، تەنانەت بۆ یەکجارکەش سەیری ئەم فیلمە و هاوچەشنەکان و بەگشتی تی ڤی ناکەم و نەکردووە، چون جوانترین و گرینگترین کاردانەوە و ئیدانەکردن، بایکۆتکردنی ئەم چەشنە فیلمانەیە، بەڵام هەر ئەم خۆشەویستانەی کە پێنووسیان جاڕز کردووە و زاری خۆیان جاڕز کردووە بەناو شاعیر و نووسەر و گەلی ئاسایی ئیدانەی ئەم فیلمە دەکەن، هەردەم بە پێکەنین و تۆوقڕتاندن، سەیری ئەم فیلمەیان کردووە و پاساویان ئەمە بووە، چ بکەین، منداڵەکان پێیان خۆشە!

تەنیا خۆمانین کە بە چەند چرکە پێکەنین، گەمژەیەکی وەکوو ئاقاخانی و سەرکردەکانی دڵخۆش و شاد کردووە کە دەست بەم چەشنە شەکرەخواردنە بکەن.

ئامانجی ئەم فیلمە چییە؟

بۆچی کورد؟

بۆچی تاکوو ئێستا، تا ئەم ماوەی کە بۆنی کورد و هزر و زانستی کورد لەپاش یەکگرتنی بەرخۆدانی دژ بە داعش، دەرکەوتنی نووسەری گەورەی کورد بەختیار عەلی بە وەرگرتنی خەڵاتی ئەدبیی ئاڵمان، دەرکەوتنی نادیا موراد بە وێنەی ئاشتیخوازێکی جیهانی و خەڵات ئاشتیی نۆبێل، وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێلی بیرکاری لەلایەن کۆچەر بیرکار، دەرکەوتن و وەرگرتنی کۆمەڵێک خەڵات بۆ پەنابەرێکی وەکوو بێهرووز بووچانی، شانشینی و ئێمپراتوریەتی شێرکۆ بێکەس لەسەر شێعری جیهان و دەیان خەڵاتی ئەدەبی و زانستی و کاردانەوە و قارەمانێتی تاکی کورد لە ئێران و جیهان، بەرخۆدانی کوردان لەگەڵ نیوەی هەرە زۆری جیهان لەژێر دەمامکی داعش، دەرکەوتنی قارەمانێکی مەریوانی کە بەخۆفیداکردنی گیانی خۆی چەند کەسێک کە خەریکی سووتاندن بوون ڕزگاری کردن، دەرکەوتنی سامان؛ ژینگەپارێزێکی مەهابادی کە گیانی خۆی بۆ ڕزگاریی حاجیلەیەک فیدا کرد، دەرکەوتنی قارامانانی ژینگە لە مەریوان، یەکەم دیاردەی لێخۆشبوون و لێبووردنی بنەماڵەی کوژراوەکان لە بکوژەکە لەنێو گەلی کورد، دەرکەوتن و وەرگرتنی خەڵاتی جیهانی بۆ جلوبەرگی کوردی، سەرکەوتنی زمانی کوردی لە زۆر بارەکان...، ‌لە سەردەمێکی زۆر هەستیار و گرینگ، کە کورد خەریکی قڕتاندنی تەزووی کێویگەری و شاخستانی و دارستانییەت کە بۆی هەڵبەستراو و لەسەر خۆی بوو، یەکگرتوویی کورد لە بومەلەرزەی کرماشان و لافاوی لوڕستان، بوو به گرینگترین هۆکار تاکوو چاویلکه و دووربینەکانی فاشیستی کوروشی بچێتە سەر گەلی کورد و بە کەڵکوەرگرتن لە تاک و گەلی کورد، بە وێنه گەلێکی تۆوخۆر و مێشکفاحیشە و دواکەوتوو و نەفام و شپڕێو، بۆ جلوبەرگێک کە بە ساڵانە خەڵاتی جیهانی وەردەگرێت و زمانێک کە بەهێزترین زمان و پاراوترین زوانی پۆرتۆئێرانییەکانە، لە سەردمێکیش کە زمانی کوردی لە پۆلێنکردنی جیهانی خاوەن پلەی ٣١ی جیهانی و پارس ٤٢ی جیهانیی بووە! دەمارگرژی و هێرشەکان بۆ گەمژە و دواکەوتوو و نەفامناساندنی گەلی کورد، چوو بۆ پرۆسەیەکی جیاواز، سەعید ئاقاخانی بە وێنە کوردێک مافی خۆی هەیە کە فیلم ساز بکات، ئەمە فەرموودەی چەند بەناو شاعیر و ڕووناکبیری کوردن، بۆچی ئاقاخانیەکان، کاتێک فیلمێکی زانستی و مێژوویی و کۆمەڵگەیی ساز دەکەن، هیچ هێڵان و ڕێگەپێدانێکیان نییە، بەڵام بۆ فیلمی دواکەوتوپەرستان و ڕێچکەگرانی فیلمە جێم تیڤییەکان و پارسپەرستانی وەکوو: پایتەخت، ن.خ، بۆ ئەم گەلە جێم تیڤیپەرەست و پارسپەرستە، هیچ کێشە و کۆسپێک ساز ناکەن، بەڵام بۆ بچوکترین فیلمی مێژوویی و کۆمەڵگەیی ڕاستەقینە، قڕتاندنی قامکەکان و لە سێدارەدانی پێنووسەکان ئامادەیە؟

ئەم سیستمە بە کەڵکوەرگرتن لە کوردێک و ڕێگەپێدان بۆ سازکردنی ئەم فیلمانە، لە درێژەی هزری دەوڵەت نەتەوە بە شێوەی چالاک خەریکی کارکردنە و چالاکی دەکات، بەکارهێنانی هەستیاری و مێشکی هەستیار (احساسی) تاکی کورد، دەستی ئاقاخانی تەواو ئاوەڵە کردووەتەوە، کورد گەلێکی تۆوخۆره کە لەبەر تۆوخواردن هۆشی هیچ شتێکی نییە، کچ بە پارە دەفرۆشێت، لە شاری گەورە ون و بێشوێن دەبێت، نەخوێندەوار و نەفام و زمانێکی نامۆ و سەیروسەمەرەی تەواو فارسی هەیە! کەچی دواتر بە بڵاوکردنەوەی ناوی چەند هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، وەکوو: حەسەن زیرەک، مەزهەری خالەقی، ناسر ڕەزازی، کورد بە شێوەیەک هەستیار دەکات، کە کاناڵە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە شانازی بڵاوی دەکەنەوە، دەنگی هونەرمەندی مەزنی کورد و فڵان و بیسان لە دەنگ و ڕەنگی ئێران! ئەمە بەسە بۆ سڕینەوەی گشت بێڕێزی و دواکەوتویی و نەفامی ناساندنی ئەم گەلە!

سەعید ئاقاخانی بە دۆزینەوەی باری سایکۆپاتۆلۆژی و ئاستی هەژاری و هەستیاری و دەمارگرژی پسکۆلۆژیکی تاکی کورد، بە کەڵکوەرگرتن لە دەنگێک، تەنیا دەنگێک هەموو شت لەبیر بەرێتەوە، دواتر سیستم و دەسەڵاتداری زاڵ، بە شێوەی بڵاوکردنەوەی (دەنگی ئێوە، دەنگی گەل) لەنێو شارەکان و بەتایبەت گەلی کرماشان و پرسیار لە چەند پارسێک کە شێوەی بنزار و قسەکردنیان بە شێوەی بنزاراوەیەکی فارسی دەردەخەن، پاڵپشتی ئەم هزر و ئامانجە دەکەن و گەلیش بە وتنی ئەمەی کە ئەم فیلمە کێشەکانی بومەلەرزە و هەژاری و لەم چەشنە بابەتانەی دەرخستووە و مەمونی ئەم بەڕێرەین، ئەمە سەعید ئاقاخانی دواتر لە مێژوو، دەبێتە ئۆستوورەیەکی کورد!

ناساندنی زمانی کوردی و زاراوەی کەلهوڕی و لوڕی و لەکی بە شێوەی ئاوا سەقەت و هەڵە، تەنیا ناساندنی بەشێکی گرینگ و تایبەت و درێژەدانی سیستمی قاجاڕی ئەم هزرەیە بۆ لەنێوبردنی زمانی کەلهوڕی و کرماشانی کە بە ساڵانە کاری زانستی بۆ کراوە، چ زانستێک لە وڵاتێکی تەواو ئۆبسکیورانتیزمی وەکوو ئێران، کە تەواو دوور و نامۆ لە زانست و زانینە، هاوشێوەی جۆک وڵام دەداتەوە و بەهێزتر لە هەر ئاکادیمیا و زانستگەیەک، ئامانجەکەیان مسۆگەر دەبێت؟!

ناساندن و دەرکەوتنی شێوەی هەڵە و ناشارەزای جلوبەرگی کوردی و بەکارهێنانی زمانی هەڵە و زمانی فارسی کرماشانی، کە ٢٠٠ ساڵ لەمەپێش لە سەردەمی قاجار، بەهۆی خزاندن و هێنانی چینی فەرمانبەر و کاربەدەستانی دەوڵەتی، له ‌ڕێگەی ‌زوان، کە لە زانست و لۆژیکی زمان، زمان تەنیا بۆ پەیوەندی و پێوەندی نێوان تاک و پێکهاتەکانی جیهانی ساز کراوە، پێویستیان بە ئەم کەرەستە پێوەندییە بوو، بۆیە زمانێکیان بەناو فارسیی کرماشانی ساز کرد، ئەم پرۆسەیە لەلایەن کارەبەدەستانی خۆیان لەنێو گەل دەنگیداوە و چالاک بوو، کەچی ئێستاش بێت ئەم سیاسەتە سەرنەکەوت و بوو بە یەکێک لە سیاسەتەفاشیلەکانی ئەم هزر و ڕامانە.

ئێستاش سەعید ئاقاخانی، هەست دەکات زۆر زۆر زانا و شارەزایە کە بە کەڵکوەرگرتن لە دەنگی دوو کاریزمای هونەری کورد و جیلێکی هەڵە و زمانێکی تەواو فارسی و دواتر بە بڵاوکردنەوەی بەشی سانسۆری فیلمەکەی و پێشکەشکردن بە گەلی کورد، کە بەڵێ فیلمی منیش پەردەی سانسۆری لەسەرە و منیش تووشی کێشە بوومە، ئەم هەستەی بەڕێز سەعید ئاقاخانی بە وێنەی کوردێک، هەر بۆ ئەم شاعیر و فەرمانبەرە پارسپەرستانە باش و بەسوودە، نەک بۆ شارەزایانی زمان و مێژووی ئەم گەلە.

ئەم زمانەی کە لە ڕێگەی میدیا سەعید ئاقاخانی دەیهەوێت بە زمانی کوردی و ژێرلقی فارسی بیناسێنێت، تەواو هەڵەیە، چون داماوە نەیزانیوە وێچکوون و لێکچوونی زمانی نابێتە هۆی ژێر لقی یان ژێرباریی زمانی.

زمانانی جیهان بەسەر کۆمەڵەگەیەی زۆر چالاک بەناو هیندوئورووپایی بڵاو دەبنەوە، لەم زمانانەش خێزانەزمانێک بە ناو زمانەئارییەکانی چالاک و بەهێزە و لەم خێزانەزوانیە دارێکی زمانی بە ناو زمانە ئێرانییەکان هەیە، زمانی فارسی و کوردی هەر کام لقێکی جیای ئەم دارەزمانییەن، وشەگەلی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو زوانە ئێگجار زۆرە، گەر ئەم دەسەڵاتدارییە زاڵ و دیکتاتۆریەتەی کە بە سەدان ساڵ زاڵ بووە و مێژوو و زمانی دەستکاری کردووە، وەلا بنێنین و بەپێی ڕاستییەکان لێکۆڵینەوە بکەین، ئەمە زمانی ئێستای فارسی تارانی! تەواو زمانی دەری ئەفغانییە و ئەم زمانەی ئێستای تارانیشینەکان و زمانێک بەناو زمانی فارسی، سازکراو لە زمانی عەرەبی و کوردی و فەرەنسیە، تەنیا سەرچاوەی زمانی فارسی، زمانی پەهلەییە، کەچی زمانی پەهلەیی، فەیلی، بەزۆر و چالاک، زمانی کوردی توانایی خاوەنداریەتی و بەشەگری ئەم زمانەی هەیە، چون سەدان وشەی هاوبەشی ئەم زمانە، ئێستاش بە شێوەی باو لەنێو زمانانی کوردی بە شێوەی چالاک، کارایان هەیە.

زمانی کوردی خاوەن چوار لقی سەرەکیی زمانی بە ناوەکانی کوردیی سەرەوە، کوردیی نێوەندی، کوردیی خوارەوە و گۆرانی و هەورامییە و لە ٦٠ شێوەزار و بنزاراوە ساز بووە.

زمانی کرماشان، بەزۆر کەلهوڕییە و ئەگەر سەعید ئاقاخانی زۆر ڕاست دەکات و ئامانجی دڵسۆزی گەلەکەیەتی، دەبایە هاتبا و چەند کەسی ئاسایی و پێکهاتەی کرماشانی لەنێو فیلمەکەی بەکارهێنابایە، تەنیا چەند کەسی ئاسایی و گوندی، تاکوو زانیبای زمانی کرماشانی چ زمانێکە! نەک چەند شانۆگەری تارانی و شیرازی و ئیسفەهانی و ئازەری و فارس کە لە دەورگێڕان لە فیلمەکانی پێشووتریان باری فاشیستی و شۆنیزمیان هاوار دەکات و نەک چەند فەرماندە و سەربازی ئەرتش و سپای کۆنی ئێران!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.