فەرماندەیی ستادی ناوەندیی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاستدا لە کاردانەوە بەرانبەر بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا ڕایگەیاندووە، بۆ وڵامدانەوەی هەر چەشنە هێرشێک لە ساڵمەرگی تێرۆریست "قاسم سلێمانیـ"ـدا ئامادەین.
ژەنەراڵ "کێنت مەکێنزی" فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ناسراو بە "سێنتکام"، لە سەفەری خۆیدا بۆ عێراق لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لەگەڵ هەواڵنێراندا وتبووی: "ئێمە ئامادەی بەرگری لە خۆمان، دۆستان و هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە داین و ئەگەر پێویست بێت، ئامادەی دژکردەوەین".
ناوبراو هەروەها وتبووی: "پێشبینیی من ئەوەیە کە ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر باشداین و بۆ هەر کردەوەیەک کە ئێران یان هێزە نیابەتییەکانی ئەنجامی بدەن ئامادەین".
"مەکێنزی" هەروەها ڕایگەیاندووە: "درێژەی هێرشە ڕاکێتییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە عێراق بەهۆی ئەوەیە کە هێزە میلیشیاکان هۆشدارییەکانی ئامریکا بە جیددی وەرناگرن".
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەز، لە ئەنجامی هێرشێکی توندی هەواییدا، باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەغدا کرایە ئامانجی مووشەک و خومپارە و ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان دەریخستووە کە ئەو هێرشە زیانێکی بەدواوە نەبووە.