کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ١٨ بانک و دامەزراوەی ماڵیی ئێرانی تەحریم کرد

12:27 - 18 رەزبەر 2720

گەمارۆ ماڵییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران چڕتر بووەتەوە و لە دوایین هەوڵدا ١٨ بانک و دامەزراوەی ڕێژیمی ئێران بە تاوانی دابینکردنی پارە و گواستنەوەی دراو لەپێناو چالاکییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران تەحریم کران.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەر، نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا "ئۆفاک"، ڕایگەیاندووە بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا ١٨ بانکیان لە ئێراندا تەحریم کردووە.

ئەو بانکانە بریتین لە: "بانکی کەشاوەرزی، بانکی مەسکەن، بانکی ڕیفاهی کارگەران، بانکی شەهر، بانکی ئیقتسادی نوین، قەرزولحەسەنەی ڕەساڵەت، بانکی حێکمەتی ئێرانییەکان گرێدراو بە ئەرتەشی ڕێژیم، بانکی ئێران زەمین، بانکی خاوەرمیانە، دامەزراوەی مێهری ئێرانییەکان، بانکی کارئافەرین، بانکی سامان، بانکی پاسارگاد، تەوسێعەی تەعاون، بانکی گەردشگەری و تەئمینی سەرمایەی ئەمین".

بەپێی ڕاگەیەندراوی خەزێنەداریی ئامریکا ئیزنی گشتی بۆ بلۆکەکردنی ئاڵووێرە بانکییەکان لەگەڵ ئەو بانک و دامەزراوانەدا دراوە.

سەرەڕای ئەو بانکانە، بانکی هاوکارییەکانی گەشەپێدان و سەرمایەدانانی ئیسلامیش لە لیستی گەمارۆکاندا دانراوە.

"ستیڤێن مێنووچین"، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "گەمارۆکانی ئامریکا تا کاتێک تاران بەرنامەکانی خۆی بۆ پشتگری لە تێرۆریسم کۆتایی پێ نەهێنێت و بەرنامە ناوکییەکانی درێژە پێ بدات، بەردەوام دەبێت.