کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٥ بنکەی سەر بە گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆردومان کرد

12:55 - 9 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە وڵامی هێرش بۆ سەر هێزەکانی کە لە عێراقدا جێگیرن، ٥ بنکەی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی  کەتائیب حیزبوڵڵا کە سەر بە حەشدی شەعبییەی لە خاکی عێراق و سووریە کردە ئامانج.

شەوی یەکشەممە، ٨ی بەفرانبار، وەزارەتی بەرگریی ئامریکا ڕایگەیاند کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی چەندین بنکەی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی کەتائیب حیزبوڵڵای کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی لێدەکرێت، لە خاکی عێراق و سووریە بۆردومان کرد، لەم هێرشەدا چەندین چەکداری سەر بەو گرووپانە کوژران.

لەم بارەوە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە باسی لەوە کردووە کە لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، ٤١ چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران و ٢٥ چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.

بە وتەی سەرچاوەکان، ئامریکا بە چەندین فڕۆکەی ئێف ١٥، سێ بنکەی حیزبوڵڵای عێراقی لە پارێزگای ''ئەلئەنبار'' و  دوو بنکەی دیکەشی لە سووریە بۆردومان کردووە.

لە بەیانییەی ئەرتشی ئامریکادا هاتووە، ئەو شوێنانە کە کراونەتە ئامانج، بنکەکان، ئەمباری تەقەمەنی و ناوندی فەرماندەهی بوونە و ئەم هێرشانەی کاردانەوەیەک بە هێرشەکانی ڕابردووی گرووپە میلیشیا چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ئەنجام دراوە.

هەروەها لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا سەرچاوەکان باس لە کوژرانی '' ئەبوو ئەلخەزعەلی'' یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی دەکەن.

''جاناتان هافمەن''، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ئەم هێرشانە توانایی گرووپە میلیشیاکان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لاواز دەکات.

پێشتریش ئامریکا، گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بە دەست تێدابوون لە هێرش بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئامریکا لە خاکی عیراق تۆمەتبار کردبوو و هەڕشەی لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە هەر چەشنە هێرشێکی ئێران یان گرووپە نیابەتییەکانی کە بە ئامریکاییەکان یان هاوپەیمانەکانی زیان بگەیەنێت، لەگەڵ وڵامی بەتەوژمی ئامریکا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.