کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بڕیارنامەیەکی نوێی بۆ گەمارۆی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران پێشکەش کردووە

17:58 - 16 گەلاوێژ 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران داوەتە شورای تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" بڵاوی کردووەتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران پێشکەش بە شۆرای تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە هاوشێوەی بڕیارنامەکەی مانگی ژووئەنە.

"بلۆمبێرگ" لە زاری "کێلی کرافت"، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاوی کردووەتەوە ئەگەری هەیە ڕووسیە و چین ئەو بڕیارنامەیە ڤێتۆ بکەن.

قەدەغەی مامەڵەی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران، بەپێی ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ ڕاگەیەندرا. ئامریکا ساڵی ٢٠١٨ لەو ڕێککەتنە هاتووەتە دەرەوە و لە مانگی ئۆکتۆبردا هەڵدەوەشێتەوە.

کە ئێستادا ئامریکا لە هەوڵدایە گەمارۆی چەکوچۆڵ دژی ئێران درێژ بکاتەوە.

ئەو بڕیارنامە نوێیە، داوای لە وڵاتانی ئەندام لە شۆرای تەناهی کردووە کە لە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە ئێران و لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیکە خۆ ببوێرن.

"کێلی کرافت"، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕۆژی سیشەممەی ڕابردوو ٧ی گەلاوێژ، ڕایگەیاندبوو ئامریکا باوەڕێکی ئەوتۆی بەوە نییە کە بتوانێت ڕووسیە و چین بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئەمە دەتوانێت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا قەیران دروست بکات.

لابردنی گەمارۆی چەکوچۆڵیلە سەر  ڕێژیمی ئێران دەبێتە مەترسییەک بۆ پەرەسەندنی تێرۆریزمی نیودەوڵەتی کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچە و جیهان دەکات.