کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بڕیاری هێرشی بۆ سەر بەلەمەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی دا

17:24 - 3 بانەمەڕ 2720

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی کە فەرمانی بە هێزی دەریایی ئامریکا داوە کە هەر بەلەمێکی ئێرانی کە نزیکی پاپۆڕەکانی ئامریکا بوونەوە و موزاحیمەتیان بۆ دروست کردن، تەقەیان لێ بکەن و لەنێویان بەرن.

دوای ئەوەی کە ئامریکا بڕیاری دا کە گەمارۆی نەوتی دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران و ئیزن نادات ئەو ڕێژیمە نەوتەکەی بفرۆشێت، بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران چەندین ناوی شەڕکەری ڕەوانەی ئاوەکانی کەنداو کرد.

سپای تێرۆریستی پاسداران لە بەرانبەر بڕیاری ئامریکا ڕایگەیاند، ئەگەر نەوتی ئێران نەفرۆشرێت ئێمەش ئیزن نادەیەن نەوتی وڵاتانی ناوچەکە بفرۆشرێت.

لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەردەوام ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی لەنێوبردنی ناوگانەکانی ئامریکا دەکات و مانۆڕی نیزامی لە کەنداو ئەنجام دەدەن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بۆ جارێکی دیکە بەلەمەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە لە نزیکی ناوگانەکانی ئامریکا مانۆڕیان ئەنجام دا و ئامریکا ئەو جووڵەیەی بەلەمەکانی زۆر مەترسیدار وەسف کرد.

"ترامپ" بەنیسبەت ئەو مانۆڕەی بەلەمەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند، ئێمە بۆ وڵامدانەوە بەو جووڵە مەترسیدارانەی بەلەمەکانی سپای پاسداران کۆ بووینەتەوە و بڕیاری پێویست دەدەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە ترامپ لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە کە بڕیارمان داوە تەقە لە بەلەمەکانی سپای پاسداران بکەین.