کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بژاردەی نیزامی دژی ڕێژیمی ئێران چڕتڕ دەکاتەوە

16:52 - 6 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی "واشنتۆن تایمز" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێککەوتن و یەکگرتنی ئەلقاعیدە و ئێران؛ مەنتقێکی نیزامییە بۆ هێرشی نیزامیی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران.

بەرپرسانی دەوڵەتی ترامپ هۆشداریان داوە کە پێوەندیی چڕوپڕی نێوان دوو دوژمنی ئامریکا گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و ڕێژیمی ئێران هاوکاریی ماددی و چەکوچۆڵ لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەنجام دەدات؛ ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهان.

کۆنگرەی ئامریکا و شوێنەکانی یاساداڕێژی ئامریکا باسیان لەوە کردووە مەنتقێکی یاسایی هەیە کە دژی ئێران بژاردەی نیزامیی بەکار بهێندرێت.

ترامپ، سەرکۆماری ئامریکاش لە هەوڵ دایە کە بڕیارێک پەسند بکات ئەگەر گەمارۆ ئابورییەکانی سەر ئێران کاریگەر نەبوون، دژی ئێران بژاردەی نیزامی بەکار بێنێت و پێویست بە مۆڵەتی کۆنگرە بۆ بە کردەیی کردنی نەکات.

مۆڵەتی کەڵکوەرگرتن لە هێزی نیزامی(AUMF) کە لە کۆنگرەدا دوای هێرشی ١١ی سێپتامبر دەرکرا، چوارچێوەیەکی بۆ دەوڵەتی بوش دیاری کرد هەتا ئامریکا دژی تاڵیبان و ئەلقاعیدە بژاردەی نیزامی بەکار بێنێت.

یاسای دژی تێرۆریزمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئەو وڵاتەی بەهێز کردووە و لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو یاسایەدا نەهاتووە.

ماڵپەڕی "ئۆیل پریس"ـیش بە هەمان شێوە باسی لەوە کردووە کە کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە، ئامریکا دەیهەوێت کارێک هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی کە لە عێراق کردی لە ئێرانیش ئەنجامی بدات.

ڕێژیمی ئێران لەو چەند ساڵەی دواییدا داڵدەی هەندێک لە ئەندامان و ڕێبەرانی ئەلقاعیدە، لەوانە بنەماڵەی بێن لادەن و جێگرەکەی واتە زەواهێریی داوە.