ماڵپەڕی "میدل ئیست نیوز" بڵاوی کردووەتەوە، "ڕۆبێرتۆ باڵادینۆ" سەرکونسولگەریی ئامریکا لە "هەوڵیر"ی پێتەختی هەرێمی کوردستان وتوویەتی: "جۆ بایدن سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هێمنی و ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرێ دراوە بە تەبایی و ئارامی لە هەرێمی کوردستان و عێراق".
"باڵادینۆ" لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانان لە گۆڕەپانی نەوتیی "جمانکی" لە "دهۆک" وتوویەتی: "ئامریکا پێبەندە بە پشتیوانیکردنی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان".
ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە هەتا کاتێک پێویست بێت ئامریکا لە هەرێمی کوردستان دەمێنیتەوە و جەختی کردووەتەوە کە "واشنتۆن" بۆ سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان لە بواری ئەمنییەت و پێشکەوتن و ئابوورییەوە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت.
سەرکونسولگەریی ئامریکا هەروەها وتوویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەوڵ دەدات شیرکەتە گەورەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت".