کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بۆ پێشگرتن لە جەنایەتەکانی سپا ڕێکارێکی تازەی گرتووەتە بەر

13:48 - 19 پووشپەڕ 2720

واشنتۆن بۆ پێشگرتن بە جەنایەتەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ژمارەیەکی ڕاستەوخۆی پەیوەندی داناوە کە لەو ڕێگایەوە جەنایەتەکانی سپا ڕاپۆرتی بدرێتەوە بە ئامریکا.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا جەختی لەسەر پێویستیی ڕاپۆرتدان لەسەر چالاکییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی "عەرەبیـ"دا کردووەتەوە.

واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لەڕێگای نوێنەرانیەوە پشتیوانیی ماڵ لە گرووپە تێرۆریستییەکانی دەکات و دژ بە دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست "جەنایەتی دڕندانە" بەڕێوە دەبات کە لەو پەیوەندییەدا داوای لە دانیشتووانی وڵاتە عەرەبییەکان کردووە کە چالاکییەکانی سپا ڕاپۆرت بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە لاپەڕەی عەرەبیی تویتێری خۆیدا و لاپەڕەی فەرمیی بەرنامەی "پاداش بۆ دادپەروەری" چەند ژمارە تەلەفوون و کاناڵێکی پەیوەندیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی "واتساپ و تێلێگرام" داناوە.

دانیشتووانی ئەو وڵاتانە دەتوانن سەبارەت بە چالاکییەکانی سپای پاسداران کە لەلایەن ئامریکاوە وەک "ڕێکخراوێکی تێرۆریستی" ناسراوە ڕاپۆرت بدەنەوە بە ئامریکا.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ژمارەی (٠٠١٢٠٢٢٩٤١٠٣٧)ی لە واتساپ و کاناڵی (RFJ_Arabic_bot@)ی  لە تێلێگرام داناوە.

لە لاپەڕەی تویتێری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا هاتووە: "ئێران بە دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شورای تەناهی دەخاتە چالشەوە".

ئەو هەوڵەی ئامریکا بۆ پێشگرتن بە جەنایەتەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران پاش تێرۆری "هێشام ئەلهاشمی" شرۆڤەکار و لێکۆڵەری سیاسی و تەناهی لە عێراق ئەنجام دراوە.