کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بۆ ڕێژیمی ئێران، وتووێژ یان داڕمانی ئابووری

11:18 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "برایان ‌هووک"، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕوو بە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە دەبێت لە نێوان مێزی وتووێژ و داڕمانی ئابوورییدا، یەکیان هەڵبژێرێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەر، "برایان هووک"، نوێنەری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە وڵاتی عومان و لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"ـی ڕاگەیاندووە: "دوو هەڵبژاردەمان بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری کردووە و دەبێت لە نێوان مێزی وتووێژ و دانوستان یان داڕمانی ئابوورییدا یەکیان هەڵبژێرێت".

"برایان هووک"، لە بەشێکی قسەکانیدا وێرای ئاماژەدان بەوەی کە سەرکۆماری ئامریکا بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی  ئێراندا ئامادەیە، وتوویەتی: "سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ئامادەیە، بەڵام بە مەرجێک کە ڕێژیمی ئێران دەست لە بەرنامەی ناوکی و مووشەکییەکانی خۆی و هەروەها پاڵپشتیی گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵبگرێت".

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە کە لە پاش وڵاتی عومان، سەفەری وڵاتانی بەحرەین و فەرانسەی لە پێشە و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی سێ وڵاتی ئورووپایی و لەسەر زانیاریگەلێکی پەیوەندیدار بە هەڕەشەکانی ڕیژیمی ئێرانەوە، کۆ ببنەوە و باس و وتوویژ بکەن.