کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بە توندی هەڕەشە لە ڕێژیمی ئێران دەکات

12:46 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە توندی هەڕەشە لە ڕێژیمی ئێران دەکات، کە واز لە ئاژاوەگێڕی و هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بهێنێت.

ڕۆژی دووشەممە، ۱۶ی بانەمەڕ، چەند بەرپڕسێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکه و جیهاندا و هەروەها هاندانی گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی لە ناوچەکە، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، بە توندی هەڕەشەیان لەو ڕێژیمە کردووە، کە واز لەو ئاواژەگێڕی و هاندانانە بهێنێت.

لەم بارەوە، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە سەفەرەکەی خۆی بۆ ئورووپا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: "ئێمە هەوڵە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێرانمان بینیوە، ئەمەش بەو واتایەیە کە ئێمە ئێرانییەکان لە بەرانبەر هەر هێرشێکدا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا بە بەرپرسیار دەزانین و بێگومان بێوڵامیش نامێنێتەوە. لە ئەگەری هەر جۆرە هەوڵێکی ئاژاوەگێڕی لە شێوەی هاندانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، یان تێرۆریستییەکانی تری ڕێژیمی ئێران، ئێمە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسی ئەو ئاژاوەگێڕییانە دەناسین".

هەروەها، پاتریک شاناهان، سەرپەرەستی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکی تویتێریدا لەسەر لاپەڕەی تویتێری خۆیدا، لە هەمبەر ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران و هاندانی گرووپە میلیشیاکانی خۆی لە ناوچەکەدا، بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، ئاگاداریی بە ڕێژیمی ئێران دا، کە لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بێوڵام نامێنێتەوە.

پاتریک شاناهان، ئاماژەی بە بڕیاری ڕەوانەکردنی ناوی فڕۆکەهەڵگری "USS ئابراهام لینکۆڵن" بۆ کەنداو کرد و وتی: "ئەو بڕیارە نیشانەی گۆڕانکارییەکی هوشیارانە و خۆپارێزانەی هێزەکانی ئامریکایە له هەمبەر ئەگەری هەر مەترسییەک لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە. ئێمە بە ڕێژیمی ئێران ئەو پەیامە دەدەین، کە هەموو هاندان و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕابگرێت. لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی ئامریکا، بە دڵنیاییەوە ئێمە ڕێژیمی ئێران بێوڵام ناهێڵینەوە".

هەر لەم پەیوەندییەدا، سێناتۆر مارکۆ ڕوبیۆ، سێناتۆری کۆماریخوازانی ویلایەتی فلۆریدا، لە پەیامێک لەسەر لاپەڕەی تویتێری خۆیدا، لە هەمبەر ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەگەری هەر جموجووڵێکدا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، ئاگاداریی بەو ڕێژیمە دا و ڕایگەیاند: کە هەر جموجووڵێکی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ئامریکادا دژکردەوەی توندی لێ دەکەوێتەوە.

 ناوبراو، لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: ئێمە لە نێوان هێرشەکانی گرووپە میلیشیاکانی شێعەی عێراق و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە ئەو گرووپانە کۆنتڕۆڵ دەکات، هیچ جیاوازییەک نابینین. هەر شێوە هێرشێکی ئەو گرووپانە بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق و بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لەو وڵاتە و ناوچەکەدا، وەکوو هێرشی سپای تێرۆریستی پاسداران لە قەڵەم دەدەین و بە دڵنیاییەوە ئەو هەوڵانەش دژکردەوە توندی ئێمەی لێ دەکەوێتەوە.