کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بە مانەوەی لە سووریە بەرامبەر بە مەترسییەکانی ئێران ڕادەوەستێت

11:12 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئامریکا ڕایگەیاندووە ئامریکا لە سووریەدا دەمێنێتەوە و لە بەرامبەر ئەگەری هێرش و مەترسییەکانی ئێران کاردانەوەی دەبێت.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر، ژێنراڵ جۆزێف ڤۆتێڵ لە پرێسکۆنفڕانسێكدا لە پێنتاگۆن ڕایگەیاند، کە بوونی ئامریکا لە سووریە دەبێتە هۆی ئەوەیکە بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ ڕێژیمی ئێران چالاکییە تێکدەرانەکانی سنووردار بکاتەوە.

ژێنراڵ جۆزێف لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەرتەشی ئامریکا لە سووریە ئەرکێکی نیزامی دیاریکراوی نییە، بەڵام هەبوونیان لەو وڵاتە کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران دەبێت.

بەرپرسی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئامریکا وتوویەتی: "پێشگیری لە فراوان بوونی نفووزی ئێران لە سووریە ئەرکێکی گرینگە کە ئێمە گرتوومانەتە ئەستۆ" هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئامریکا ئامادەیە بە خێرایی و توندی ڕێگە لە هەڕەشە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێت.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی و سیاسەتەکانی کە دەبێتە هۆی پەرەدان بە توندوتیژی و ڕەنجکێشانی مرۆڤەکان بهێنێت.

ژێنراڵ جۆزێف ئەوەشی ڕاگەیاند کە بەرنامەیەکیان بۆ جێهێشتنی خاکی سووریە لە دوای کۆتاییهێنان بە گروپی تیرۆریستی داعش نییە چونکە دەبێت هێزەکانیان لە ڕاستای بەهێزکردنەوەی ئەمنییەتی سووریە کاربکەن هەتاکوو هێزە تیرۆریستییەکان نەتوانن جارێکی دیکە ئەو وڵاتە بەدەستەوە بگرنەوە.

لە ده‌سپێكی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سووریه‌‏وە‌، پاسدار و بەسیجییەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ر شان به‌ شانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، دژ به‌ به‌رهه‌ڵستكارانی ڕێژیمی به‌عسی سووریه‌، شه‌ڕیان كردووه و تا ئێستا دەیان کەسیان کوژراون‌ و چەندین جار لەلایەن ئامریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەوە تۆمەتبار کراون کە دەستییان لە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەژادی لەو وڵاتەدا هەبووە.