کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بە نیسبەت سەرکوتی خەڵکی ئێران هاتە دەنگ

12:49 - 7 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، وێڕای مەحکوومکردنی هەڵسوکەوت و سەرکوتەکانی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ خەڵکی ناڕازیی ئێران دەربڕیوە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندووە، کە خەڵکی ئێران بەتەواوەتی لە گەندەڵی و ناعەداڵەتیی ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ماندوو بوون.

پۆمپێئۆ ڕۆژی چوارشەممە ٦ی پووشپەری ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەربزێوییەکانی لە سووریە، پاڵپشتییەکانی بۆ حیزبۆڵلای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنی و هەروەها درێژەدان بە پرۆژە ناوکییەکەی، سەرمایەی خەڵکی ئێران بەفێڕۆ دەدات.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: هەموو ئەو کارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنیا ئازار و مەینەتەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە زیاد دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەروەها ڕایگەیاندووە: "هەر بەو شێوە کە پێشتریش ڕام گەیاندبوو، هیچ جێگای سەرسۆڕمان نییە کە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێراندا درێژەیان هەبێت، خەڵکی ئەو وڵاتە لە ڕێبەرانی ڕێژیم چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە کە سەرمایەی ئەو وڵاتە لە نێوانیاندا دابەش بکرێت".

پۆمپێئۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: ئێمە تاکتیک و هەڵوێستە بێئاکامەکانی ئەو ڕێژیمە بە نیسبەت تۆمەتبارکردن، سەرکوت و زیندانیکردنی ناڕازییان مەحکووم دەکەین، هەموو جیهان ئێستا دەزانن و ئاگادارن کە خەڵکی ئێران لە دەست گەندەڵی و ناکارامەیی ڕێبەرانی ڕێژیم وەزاڵە هاتوون و جیهان دەنگی ئەوانی بیستووە.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕ، لە زۆربەی ناوچەکانی تاران، بازاڕی و کاسبکاران، دووکان و پاساژەکانیان داخست و بە نیسبەت هەڵاوسان، مەندیی بازاڕ و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی ئابووری، ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان دایە ناڕەزایەتی و دروشمدان دژ بە سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیم، تەنانەت لە هەندێک شوێندا دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریش لە لایەن خەڵکی ناڕازییەوە گوتراوەتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو ناڕەزایەتییانە هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هەروا بەردەوامن و  هەتا ئێستا بازاڕییان و خەڵکی ناڕازی شارەکانی ئیسفەهان، کرماشان، قشم، مەشهەد، تەورێز و شیراز پەیوەست بەو ناڕەزایەتییان بوون.