کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆوەکان هاووڵاتییەکی ئێرانی و کۆمپانیایەکی تورکیەیی بە تاوانبار ناساند

12:00 - 15 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دادوەریی ئامریکا لە ڕاگەیندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کە بە دژی کەسێک بە ناوی پەیمان ئەمیریی لاریجانی کە پێشتر لە ئستانبوولی تورکیە نیشتەجێ بووە، بە تاوانی پێشێکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا سکاڵانامەیەکی تۆمار کردووە

جیا لەم هاووڵاتییە ئێرانییە، کۆمپانیایەکی تورکیەیش بە ناوی "کراڵ هەواچیلیک" بە هۆی پیلانگێڕیی بۆ کڕینی کەرەستە و پارچەکانی فڕۆکە سازکراوەکانی ئامریکا و ناردنیان بۆ ڕێژیمی ئێران بە تاوانبار ناسێندراوە.

لەم ڕاگەیندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم کڕین و ناردنانە بەبێ ئاگاداریی کۆمپانیاکان و دەوڵەتی ئامریکا ئەنجام دراوە و ئەم کەرەستانە بۆ کۆمپانیا و کارڕێخەرانی پیشەی هەوایی لە ئێران نێردراوە.

بە وتەی وەزارەتی دادوەریی ئامریکا، پەیمان ئەمیریی لاریجانی و کۆمپانیای "کراڵ هەواچیلیک" هەوڵیان داوە، یاسا و ڕێساکانی ئامریکا لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆوەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و هەروەها یاساکانی بورای هەناردەکردن پێشێل بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم سکاڵانامەیەدا هاتووە: تاوانباران بۆ بەهێزکردنی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "ماهان ئایر"، کە پشتیوان و سەربە سپا پاسداران، یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی ڕێژیم لە کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی، پیلانیان گێڕاوە.

بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی نێوخۆی ئامریکا، "ماهان ئایر بەردەوام یەکێک لە هەڕەشەکانی سەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە قەڵەم دەدرێت".

جیا لە کۆمپانیای ماهان ئایر، لە ڕاگەیندراوی وەزارەتی دادوەریی ئامریکادا، چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فڕۆکەوانیی وەکوو: سەهەند ئایر و کیش ئایر ئاماژەیان پێ کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیندراوەدا هاتووە، کە بە هۆی هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ ناسەقامگیریی، لە جێبەجێکردنی گەمارۆوەکان بە دژی ئەم ڕێژیمە بەردەوام دەبن.