کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بە چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە، گەمارۆوە نێونەتەوەییەکانی دژی ئێران گەڕاندەوە

12:25 - 30 خەرمانان 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان، بە چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە هەموو گەمارۆوە نێونەتەوەییەکانی کە بە دژی ڕێژیمی ئێران سەپێندرابوون و بەهۆی ڕێککەوتنی بەرجام هەڵپەسێردرابوون، دووبارە گەڕاندەوە.

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا ئێوارەی شەوی شەممە، گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆوە نێونەتەوەییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند و باسی لەوە کرد کە ڕێوشوێنی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆیانە دەگرێتە بەر.

ناوبراو هۆشداریی دا کە هەر لایەنێک کە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران پێشێل بکات، سزا دەدرێت.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا جەختی کردەوە، بە گەڕاندنەوەی گەرمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران جیهان ئاسوودەتر دەبێت، هەروەها وتی کە دەوڵەتی ''ترامپ'' بەردەوام بەوەی زانیوە کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشەیە دژی ئاشتیی جیهانی.

''پۆمپێئۆ'' وتوویەتی، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ هەناردەکردنی ئینقلاب کوژرانی هەزاران کەس و ماڵوێرانیی ملیۆنان کەسی بێتاوانی لێکەوتووەتەوە.

مێکانیزمی ماشە ڕێکارێکی پێشبینی کراوە لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئیزن بە لایەنەکانی بەرجام دەدات ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەڵێنییەکانی ڕێککەوتنی بەرجام پێشێل بکات، هەموو گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان کە بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەیەوە هەڵپەسێردرابوون، بە شێوەی ئوتوماتیک چالاک دەبنەوە.