کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بەنیسبەت هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکەی، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت

12:08 - 8 رێبەندان 2719

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ "عادڵ عەبدولمەهدی"، سەرۆکوەزیری عێراق، بەنیسبەت هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئامریکا و بەتایبەت باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا کاردانەوەی توندی نیشان داوە.

"پۆمپێئۆ" لەم وتووێژەدا باسی لەوە کردووە کە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکەی ئامریکا لەو کاتەدا، بە مەبەستی پەراوێزخستنی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بووە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی ئەم ڕێژیمەی بە تاوانباری سەرەکی لەم هێرشانەدا ناو بردووە و ئامادەیی ئامریکای بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەربڕیوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ڕێبەندان، پێنج مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی باس لەوە دەکەن کە سێ مووشەک کەوتوونەتە نێو باڵیۆزخانەی ئامریکاوە.