کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆی نوێی خستە سەر کۆمەڵێک بەرپرسی ڕێژیم

12:32 - 17 سەرماوەز 2721

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەز بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆی نویی خستە سەر کۆمەڵێک لە بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم، لەوانە: "غوڵامڕەزا سلێمانی" سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفان.

بەپێی بڵاوکراوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، سەید "ڕەزا موسەوی ئەعزەمی" فەرماندەی تیپی یەکەمی ئەمیرەلموئمێنینی سپا و "مەسعوود سەفدەری" یەکێک لە لێکۆڵەرانی سپا، "حەسەن کەرەمی" فەرماندەی یەکەی تایبەتی هێزی ئینتزامی، "زۆغرا خودادای" سەرۆکی بەندیخانەی قەرچەک و "لەیلا واسقی" فەرمانداری قەلعەی حەسەن خان لەگەڵ "موحسین ئیبراهیمی" فەرماندەی هێزەکانی تایبەتی پاسدارانی ویلایەت  و "محەممەد کەرەمی" فەرماندەی قەرارگای قودسی باشووری ڕۆژهەڵاتی هیزی زەوینیی سپای پاسداران، لەو کەسانەن کە خراونەتە لیستەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.

هەروەها یەکەکانی تایبەتی ناجا و "هێزەکانی تایبەتی پادوەحشەت" ناسراو بە "نۆپۆ" لەو لیستەیەدان.

ئەو ئەندام و دامەزراوانە بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تاوانبار کراون و بەپێی بەڵگەی یاسای "مەگنیتسکی و کاتسا" خراونەتە لیستەی گەمارۆکانەوە.

یەکیەتیی ئورووپاش لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا چەند کەسی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری سەرکوتی خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ خستە لیستەی گەمارۆکانی مافی مرۆیی خۆیەوە.

هەروەها ئامریکا تەشکیلاتی "هێزەکانی تایبەتی پاسدارانی ویلایەت" لە ژێرشاخەی یەکەی تایبەتی هێزی ئینتزامی و بەندیخانەی ناوەندیی "ئیسفەهان" و بەندیخانەی "زاهیدان" لەگەڵ یەکەی تایبەتی ناجای بە لیستەی گەمارۆکانی زیاد کردووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا وتوویەتی کە ئەو گەمارۆیانە لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوتی شارۆمەندانی بێتاوان، دژبەرانی سیاسی و ناڕەزایەتییە هێمنەکان جێبەجێ کراون.