کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بەهۆی پێشێلکاریی مافی مرۆڤەوە گەمارۆی خستە سەر ٤٣ کەس و ٢٩ ئۆرگانی ئێران

18:29 - 13 جۆزەردان 2720

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ناو و نیشانی ٤٣ کەس و ٢٩ ئۆرگانی ڕێژیمی ئێرانی کە بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و دانانی سانسۆر و پێشگرتن لە ئازادیی ڕادەربڕین تەحریم کردبوو، وەک ڕاپۆرتێک بە کۆنگرەی ئامریکا داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی جۆزەردان، ئەو کەس و ئۆرگانانەی کە بەپێی "دەستووری کاریی ١٣٣٥٥٣" گەمارۆیان لەسەر دانراوە بریتین لە:

"عەبدوڵڵا عێراقی، جێگری هێزی زەوینیی سپا"، "پاسداری تێرۆریست حەسەن فیرووزئابادی"، "عەباس جەعفەریی دەوڵەت ئابادی، دادستانی گشتیی تاران"، "پاسداری تێرۆریست محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سپای تێرۆریستی پاسداران"، "پاسداری تێرۆریست ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم، بەرپرسی پێشووی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم"، "سادق مەحسوولی، وەزیری پێشووی وڵات لە دەورانی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی ‌نژاد"، "ئاخووند مۆحسێنی ئێژەیی"، "سەعید مورتەزەوی"، "ئاخووند حەیدەر موسەلەحی، وەزیری پێشووی ئیتلاعات"، "پاسداری تێرۆریست محەممەد ڕەزا نەقدی، سەرۆکی پێشووی بەسیج"، "حسێن تائب، سەرۆکی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم"، "سادق لاریجانی" و "ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی ڕووحانی".

هەروەها ئەو ناوەندانەی کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە بەهۆی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و پێشگرتن بە ئازادیی ڕادەربڕین و دانانی سانسۆری سیستماتیک گەمارۆیان لەسەر دانراوە بریتین لە:

"هێزی تێرۆریستی سپای قودس لقی دەرەوەی سنوورەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەسیج، هێزی ئینتیزامی، وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی بەندیخانەکانی ئێران، بەندیخانەی ئێڤین، بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و بەندیخانەی گەوهەردەشت".

ڕێژیمی ئێران و ناوەند و دامەزراوەکانی سەر بەو ڕێژیمە یەکێک لە پێشێلکارترین وڵات و ناوەندەکانی مافی مرۆڤە کە بەهۆیەوە ئازادیی ڕادەربڕین تا ئاستێکی بەرچاو بەرتەسک کراوەتەوە و دژبەرانی ئەو پێشێلکارییانەی ڕێژیم لە نێوخۆیدا لەلایەن ڕێژیم و دامودەزگاکانیەوە بە دڕندانەترین شێوە پاکتاو دەکرێن.