کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: تاقیکاری مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ بڕیارنامەی شورای ئەمنییەت ناتەبایە

11:43 - 7 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی پوووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەبابەت هەڵدانی مووشەکی هەڵگری ماهوارە بە ناوی "زولجەناح" لەلایەن ئێرانەوە هەڵوێستی گرت و ئەم کارەی بە ناتەبا لەگەڵ بڕیارنامەی "شورای ئەمنییەت" وەسف کرد.

 کۆشکی سپی ئەو کارەی ڕێژیمی ئێرانی بە هەنگاوێکی بێسوود و تێکدەرانە وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەنگاوەکانیان بۆ دانانی گەمارۆ و ڕێکاری زیاتر بۆ پێشگیریکردن لە گەشەی سیستمی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران چڕتر دەکەنەوە.

تا ئێستا دیار نییە کە ئەو مووشەکە لە چ کاتێکدا و لە چ شوێنێکەوە بەرەو ئاسمان هەڵدراوە بەڵام هەواڵی ئەو تاقیکارییە مووشەکییە کاتێک بڵاو بووەتەوە کە لە دامەزراوەی فەزایی "خومەینی" لە پارێزگای سمنان ئامادەکاریی بۆ هەڵدانی ماهوارە بۆ فەزا کراوە.

ئەو تاقیکارییە مووشەکییە لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە "جوزێپ بورێل" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە تاران باسی لە ڕێککەوتن بە مەبەستی وتووێژی ڕێژیمی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا کردووە.

یەکەمین تاقیکاری مووشەکیی "زولجەناح" ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام درا و قۆناخی دووەمی ئەو تاقیکارییە ڕۆژی یەکشەممە ڕیکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ بەڕێوە چوو.