کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا تووڕەیی خۆی لە ئورووپا پیشان دەدات

10:35 - 26 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: "مایک پێنس" جێگری سەرۆکی ئامریکا بە نیسبەت ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی توندی لە ئورووپا گرت و وەک تاوانبار ناوی لێ هێنان.

 جێگری سەرۆکی ئامریکا لە میانەی کۆنفڕانسی وەرشۆدا کە بۆ کێشە و گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکهاتبوو، لەبارەی ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی لە وڵاتانی ئورووپایی گرت و بەوە تۆمەتباری کردن کە هەوڵ دەدەن هەوڵەکانی ئامریکا لە دژی ئێران کەم بکەنەوە.

ناوبراو گوتی کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ڕێگای پێشێلکردنی سزاکانی ئامریکاوە بۆ سەر تاران و دروستکردنی کاناڵی ماڵیی، پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێران دەکەن.

هاوکات "نێتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆنفڕانسی وەرشۆی بە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی دژی ئێران ناودێر کرد.

لەو کۆنفڕانسەدا فلستین، ڕووسیه و ئێران بەشدار نەبوون.

وڵاتانی ئورووپایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوان هەمان ترسی ئامریکایان سەبارەت بە ڕەفتارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام پێیان وایە کشانەوە لە ڕێککەوتنی ناوکی هەڵە بووە.

پێنس داوای لە ئورووپاییەکان کرد لە ڕێککەوتنی ناوکی بکشێنەوە.

جێگری سەرۆکی ئامریکا جەختیشی کردەوە هەتا کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاکار و ڕەفتارەکانی نەگۆڕێت، ئێمە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژە دەدەین.

مایک پێنس، لە دووهەم ڕۆژی کۆنفڕانسی ئەمنییەت و داهاتووی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە وەرشۆ پێتەختی لەهێستان باسی لەوە کرد؛ کاتی ئەوەیە کە وڵاتانی ئورووپایی لە ڕێککەوتنی بەرجام بێنە دەرەوە.