کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا تۆڕێکی ئێرانی ـ ڕووسی سزا دا

09:57 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: شەش کەس و سێ لایەن کە نەوتیان بۆ ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەگواستەوە، لە لایەن ئامریکاوە سزا دران.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، ئامریکا بە سەر شەش کەس و سێ لایەندا که بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو تۆڕە ئێرانی ـ ڕوسییەی کە میلیۆنان بەرمیل نەوتیان بۆ ڕێژیمی سووریە دابین کردووە، سزای سەپاند.

ئەو تۆڕە ئێرانی ـ ڕۆسییە هاوکات یارمەتیدەری گرووپی چەکداریی حەماس و حیزبوڵڵاش بوونه.

بەرپرسانی ئامریکایی باسیان لەوە کردووە، ڕووسیە گەیاندنی نەوتی لە ئێرانەوە بۆ سووریە ئاسان کردووە و کۆمەڵێک ڕێگەی جیاوازیشی بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی بارە نەوتەکان و ئەو پارەیەی لەبەرامبەر نەوتەکەدا دراوە.

"ستیوێن منوچێن" وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: " ئەمڕۆ دژی پلانە ئاڵۆزەکانی ئێران و ڕووسیە دەجوڵێین کە پشتیوانی لە ڕێژێمی سووریە واتا بەشار ئەسەد دەکەن و پارە بۆ چالاکییە خراپەکانی ئێران دابین دەکەن."

ناوابر باسی لەوەش کرد " بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئێران بەردەوامن لە سوود وەرگرتن لە سیستمی پارەی جیهانی."

ئەو کەس و لایەنانەی کە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە سزا دراون بریتین لە: "محەممەد عامر شوەیکی، کۆمپانیاکەی ڤەیگن گرووپ و بنکەکەی لە ڕووسیه، حاج عەبدول ناسر و هاوڵڵاتییەکی لوبنانی بە ناوی محەممەد قاسم بەزال، ئاندرییە دوگاییڤ و دوو هاوڵاتی ئێرانی بە ناوەکانی ڕەسووڵ سەجاد و حوسێن یەعقوب میابن".

ئەم سزایانەی وەزارەتی خەزێنەی ئامریکا بۆ سەر ئەو کەس و لایەنانە وادەکات دووریان بخاتەوە لە سیستمی پارەی جیهانی و هەموو حسابەکانیان سڕ دەکات. هاوکات هۆشداریش دەداتە هەموو ئەو دامەزراوانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا دەکەن.