کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا جارێکی تر ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی پێشێلکارانی ئایینەوە

11:55 - 1 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادیی ئایین لە وڵاتاندا، ڕێژیمی ئێرانیشی وەکوو پێشێلکاری ئازادیی ئایین بۆ جاری دووەم خستووەتە لیستەی پێشێلکارانی ئازادیی ئایینەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی هەینی، ٢٩ی سەرماوەز، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی نوێی خۆی سەبارەت بە ئازادیی ئایین لە وڵاتاندا، ڕێژیمی ئێرانی وەک نیگەرانییەک بۆ ئازادیی ئایین ناو لێ بردووە.

ئەو وڵاتانەی کە ئەمساڵ لە لیستی "نیگەرانیی تایبەت لە بواری ئایینە نێونەتەوەییەکانـ"ـدان بریتی بوون لە ٩ وڵاتی "ئێران، برمە، چین، ئێریترە، کۆرەی باکوور، پاکستان، عەرەبستان، تاجیکستان و تورکەمەنستان".

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە تویتێکدا سەرەڕای جەخت کردنەوە لەسەر "بەڵێنیی پتەو"ی ئامریکا بەرانبەر بە پاراستنی ئازادیی ئایینەکان وتوویەتی، بڵاوکردنەوەی لیستەی نوێی پێشێلکارانی ئازادیی ئایین نیشانەی ئەوەیە کە هەرکات هێرش بکرێتە سەر ئایینێک ئامریکا دێتە مەیدانەوە.

هەروەها "سەم براون بەک"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئازادیی ئایینەکان لە جیهان، وتوویەتی، ئێران "یەکێک لە خراپترین کارنامەکانی" لە بواری ئازادیی ئایین لە تەواوی جیهاندا هەیە.

ناوبراو هەروەها لە تویتێکدا نووسیویەتی: "بەڕوونی وتوومانە کە ئێران بەهۆی پێشێلکارییەکانی لە بواری مافی مرۆڤەوە وڵامدەر دەکەین".

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ساڵەکانی ڕابردووش ڕێژیمی ئێرانی وەک یەکێک لە وڵاتانی پێشێلکاری ئازادیی ئایین ناو لێ بردووە و ئاماژەی بە گوشارەکان بۆ سەر کەمینە ئایینییەکانی وەک سوننە، بەهایی و تازە پێڕەوبووان بە ئایینەکانی دیکە کردووە.