کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خامنەییشی تەحریم کرد

13:43 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە درێژەی گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەم جارە ڕێبەر و چەندین بەرپرسی باڵای ئەم ڕێژیمەی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، لە بڕیارێکی نوێدا، سزای نوێی بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاند و وتی: "ئەو بڕیارە بە دوای چەندین کردەوەی هێرشبەرانە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کە یەک لەوان خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە، هاتووەتە ئاراوە".

سەرکۆماری ئامریکا وتی: "ئەم بڕیارە، خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ دارودەستەکەی، لە دەسپێڕاگەیشتن بە سەر سەرچاوەی ماڵی بێبەری دەکات". هەروەها ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بەرپرسی کردەوە دوژمنکارییەکانی ڕێژیمە و دارودەستەکەی بە سەر ئەو کردەوانەدا چاوەدێری دەکەن و لەبەر ئەوەیە کە داراییەکانی ڕێبەر و هاوکارەکانی وەبەر سزا دەدرێن.

"ترامپ" جەختی کردەوە کە تا کاتێک کە ڕێژیمی ئێران لە چالاکییە مەترسییەدارەکانی خۆی وەکوو: بەرنامەی ناوکی، پەرەپێدانی مووشکە بالیستییەکان، پشتیوانی لە تێرۆریزم و پەرەپێدان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دەست هەڵنەگرێت، ئێمە گوشارەکانمان بۆ سەر ئێران چڕتر دەکەینەوە.

٨ کەس لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران کە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە و داراییەکانیان لە ئامریکا دەبەسترێت، بریتین لە: "عەلی ڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران، ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای پاسداران، عەباس غوڵامشاهی، فەرماندەی ناوچەی یەکی هێزی دەریایی سپای پاسداران، ڕەمەزان زیرئاهی، فەرماندەی ناوچەی دووی هێزی دەریایی سپای پاسداران، یەدوڵڵا بادین، فەرماندەی ناوچەی سێی هێزی دەریایی سپای پاسداران، مەنسوور ڕەوانکار، فەرماندەی ناوچەی چواری هێزی دەریایی سپای پاسداران و عەلی عوزمایی، فەرماندەی ناوچەی پـێنجی هێزی دەریایی سپای پاسداران.

هاوکات، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاند کە چەندین ملیۆن دۆلار لە داراییەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا دەبەسترێت و "محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوی ڕێژیمی ئێرانیش، لە حەوتووی داهاتوودا تەحریم دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، هەر یەک لە دامەزراوە ماڵییەکان لە جیهاندا، ئەگەر گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران جێبەجێ نەکەن لە سیستمی ماڵیی ئامریکادا دەردەکرێن و بێبەش دەبن.