کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئامادە دەکات

14:07 - 31 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی "سیا"ی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە بەدژی ڕێژیمی ئێران ئامادە دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی خاکەلێوە، "جینا هاسپێل"، سەرۆکی ڕێکخراوی "سیا"ی ئامریکا، لە زانکۆی "ئابرن" لە ویلایەتی "ئالاباما" ڕاگەیاندووە، دوای ساڵانێکی زۆر، سەرمایەگوزاریی سیا لە کاروباری پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە بەهێز کراوە.

هاسپێل باسی لەوە کردووە، ئێمە بەردەوام لەسەر گرووپەکانی ئەلقاعیدە و داعش کار دەکەین. بەڵام ئێمە لەسەر ئەو لایەنانەی کە لەسەر ئەو ڕەقیبانەی کە لە هێڵی دەوڵەت ـ نەتەوەدا کار دەکەن زیاتر کار دەکەین.

سەرۆکی سیا لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی سەرسەخترین دوژمنەکانمان کات و پارەیەکی زیاتر تەرخان دەکەین. هاوکات ڕێکخراوی سیا لە پێشکەوتووترین کەرەستە بۆ لەنێوبردنی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان کەڵک وەر دەگرێت.

چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان، کە قسەکانی جینا هاسپێل ئاماژە بە ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانە، کە ئامریکا لە ١٩ی خاکەلێوەدا ئەو ڕێکخراوەیەی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند.

کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانی لە تێرۆریزم لە لایەن ئەو ڕێژیمە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بەردەوامە.

ئامریکا لەسەر گوشارەکانی بۆ پێشگرتن بە زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی دژی ئەو ڕێژیمە یەکێک لە هەوڵەکانی بە دژی ئەو ڕێژیمەیە.