
ئیدارەی ئەمنییەتی دیپلۆماتیکی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە بۆ هەر شێوە زانیارییەک کە بتوانێت سەرلێشێواوی لە تۆڕی ماڵیی سپای تێرۆریستی پاسدارانیی ئێران پێک بێنێت، تا ١٥ ملیۆن دۆلار خەڵات دیاری کراوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە سپای پاسداران و لقی "قودسـ"ـی سەر بەو سپایە بۆ دابینکردنی باری ماڵیی چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆیان لە سەرتاسەری جیهان لە ڕێگای پێکهێنانی شیرکەت و دامەزراوەی تایبەت هەوڵی ئەوە دەدەن کە گەمارۆکانی ئامریکا دەور لێ بدەنەوە.
لە ئێستادا سپای تێرۆریستی پاسداران و لقی "قودسـ"ـی سەر بەو سپایە کە لە دەرەوەی ئێران خەریکی چالاکییە، لە لیستی گەمارۆکانی "ئامریکا"دان.
هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری ئەمنییەتی ئاڕژانتین ڕایگەیاند کە دەستیان بەسەر فڕۆکەیەکی "ماهان ئەیر"ی ڕێژیمی ئێران و چەند کەس لە پێرسۆنێلی فڕۆکەکە لەو وڵاتەدا گرتووە.
ساڵی ٢٠٠٨ وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا شیرکەتی "ماهان ئەیر"ی بەهۆی پشتیوانیی ماڵی لە سپای "قودس" خستبووە لیستی گەمارۆکانەوە.