کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خەڵاتێکی ١٥ ملیۆن دۆلاریی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر فەرماندەیەکی سپای قودس داناوە

11:24 - 15 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران وتوویەتی، ئەو وەزارەتخانەیە لە پێناو وەرگرتنی زانیاری، سەبارەت بە چالاکییە ئابوورییەکان و هاوکاران و تۆڕی فەرماندەیەکی سپای قودسی شاخەی دەرەوەی سنوورەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران لە یەمەن، ١٥ ملیۆن دۆلار خەڵاتی داناوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، خەڵاتێکی ١٥ ملیۆن دۆلاریی لە پێناو وەرگرتنی زانیاری لەسەر "عەبدولڕەزا شەهلایی"، یەکێک لە فەرماندەرانی پلە باڵای سپای قودس داناوە.

"برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی سەرماوەز، بە هەواڵنێرەکانی ڕاگەیاندبوو، "عەبدولڕەزا شەهلایی" لە فەرماندەرانی باڵای سپای قودسی پاسداران لە یەمەنە کە پێشینەیەکی دوورودرێژی لە هێرش بۆ سەر ئامریکاییەکان و هاوپەیمانانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.

"هووک" وتوویەتی، ئەو خەڵاتە بەشێک لە هەوڵەکانی ئامریکایە بۆ وەرگرتنی زانیاریگەلێک کە چالاکییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران دەردەخات.

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕایگەیاندووە، "شەهلایی" بەرنامەداڕێژیی چەندین پلانی دژ بە هێزەکانی هاوپەیمانیی لە عێراقدا لە ئەستۆ بووە.

هەروەها ئەو فەرماندە تێرۆریستە، چەکوچۆڵ و مەوادی تەقینەوەی بە گرووپە توندئاژۆوە شیعەکان داوە و کۆمەڵێک کردەوەی تێرۆریستیی دیکەی لە ئەستۆ بووە و بەڕێوەی بردووە.

"برایان هووک" سەبارەت بە بەردەوامیی حوزووری "عەبدولڕەزا شەهلایی" لە یەمەن، ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.