کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خەڵاتێکی ٣ میلیۆن دۆلاری بۆ گرتنی حسەین ئەحمەد لاریجانی دیاری کرد

12:45 - 2 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا بۆ گرتنی هاووڵاتییەکی ئێرانی بەناوی "حسەین ئەحمەد لاریجانی" کە تۆمەتبارە بە کڕینی نایاسایی کەلوپەلی پێویست بۆ سازکردنی بۆمبی کەنارجادەیی، خەڵاتێکی ٣ میلیۆن دۆلاری دیاری کرد.

پۆلیسی فێدراڵی ئامریکا بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند: حسەین ئەحمەد لاریجانی تەمەن ٥٥ ساڵ لە کڕینی دەزگای ڕادیۆیی سازکراوی کۆمپانیایەکی ئامریکایی کە بۆ کاروباری تێرۆریستی و درووست‌کردنی بۆمبی کەنارجاددەیی لە عێراق دژ بە هێزەکانی ئامریکا کەڵکی لێوەردەگیرا، دەستی هەبووە.

بەوتەی پۆلیسی FBI ناوبراو لەڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە بەناوەکانی "مجتمع الکترونیک پایا" و "اوپتوالکترونیک PTI " هەوڵی کڕین و دابینکردنی ئەم کەلوپەلانەی داوە کە قەدەغەکراو بوون و لەم رێگەوە یارمەتی بە تێرۆریستانی سەر بە کۆماری ئیسلامی داوە.

پۆلیسی ئامریکا ڕاشیگەیاندووە: ئەم کەسە لەڕێگەی کۆمپانیایەکی سەنگاپووری بەناوی "کرۆزینگ ئینترناشناڵ" کیتی ڕادیۆیی لە کۆمپانیایەکی ئامریکایی کڕیوە و بۆ ئامانجی تێرۆریستی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کردووە.

لێپرسراوانی ئامریکایی پێشتر ڕایانگەیاندبوو تەنیا لە نێوان ساڵی ٢٠٠٧ تاکوو ٢٠٠٨ ناوبراو دەیان هەزار دۆلار پارە سەرفی کڕین و هەناردە کردنی ٦٠٠٠ دەزگای وەرگری ڕادیۆیی کردووە کە لە ٥ قۆناغدا ڕەوانەی ئێرانی کردوون.