کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوا لە دادگای لاهە دەکات سکاڵای ڕێژیمی ئێران ڕەت بکاتەوە

11:36 - 17 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا داوای لە دیوانی بەرزی نێونەتەوەیی کردووە، کە دۆسییەی قەزاییی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە دارایییە بلۆکەکراوەکانی ڕەت بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، داوای لە دادگای نێونەتەوەییی لاهە کردووە، کە دۆسییەی قەزاییی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە دەسبەسەرداگرتنی داراییی ئەو رێژیمە لە لایەن ئامریکاوە، لە پێوەندی لەگەڵ تەقینەوەی ساڵی ١٩٨٣ زایینی لە لوبنان ڕەت بکاتەوە.

بەپێی حوکمی دادگای فیدراڵی ئامریکا، لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، بە هۆی دەستهەبوونی ڕێژیمی ئێران لە بۆمبدانان و تەقینەوەیەک لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینی لە لوبنان لە بنکەیەکی سەربازیی ئامریکا، کە کوشتنی دەیان چەکداری ئامریکایی لێ کەوتەوە، نزیک بە ٢ میلیارد دۆلار داراییی ئێران لە لایەن ئامریکاوە وەکوو غەرامەی خوێنی ئەو قوربانیانە دەستی بەسەردا گیراوە.

لەم پێوەندییە ڕیچارد د ویسک، پارێزەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕووی لە پازدە قازیی دیوانی لاهە وتوویەتی: داواکاریی ئامریکا بەپێی یەکێک لە بنەما قەزایییەکان ناسراو بە "هەڵسوکەوتی تێکەڵ بە نیازخراپی" پێشکەش کراوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە: ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات و لە هەمان کاتیشدا سکاڵا بە دژی ئامریکا پێشکەش بە دادگای لاهە دەکات، کە دیوانی لاهە نابێت ئەم شتە لەبەرچاو نەگرێت.

ئەم داواکارییەی ئامریکا لە دیوانی لاهە پاش ئەوەی هاتە ئاراوە، کە حەوتووی ڕابردوو، ئەم دادگا بە دەرکردنی حوکمێک جەختی لەسەر ئەوە کردووە، کە گەمارۆوە یەکلایەنەکانی ئامریکا بە دژی ئەو ڕێژیمە دەبێت چوارچێوەدار بێت و لەسەر ئەمنییەتی هاتووچۆی فڕۆکەکانی ئێران و بازرگانیی ئازادی شتومەکە سەرەکییەکان وەکوو: دەرمان، کەرەستە پزیشکییەکان، بەرهەمە وەرزێڕییەکان و خواردەمەنییەکان کاریگەریی نەرێنی دانەنێت.

ڕێژیمی ئێران بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەی "مودەت" کە لە ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٣٤ی هەتاوی، لە نێوان ئامریکا و ڕێژیمی پاشایەتی واژۆ کرابوو، داوای لابردنی گەمارۆوەکانی سەر خۆی کردبوو، کە پاش دەرکردنی ئەو حوکمە، خێرا وەزیری دەروەی ئامریکا ڕایگەیاند: کە ئامریکا لەو ڕێککەوتننامەیە دەچێتە دەرەوە، چونکە ڕێژیمی ئێران لەو ڕێککەوتننامە وەکوو ئامرازێک بۆ هێرشکردن بۆ سەر ئامریکا کەڵک وەردەگرێت.