کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوا لە هاووڵاتییە ئامریکاییەکان دەکات بەخێرایی عێراق بەجێ بهێڵن

13:24 - 13 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش کوژرانی فەرماندەی سپای قودس لە بەغدا، باڵوێزخانەی ئامریکا داوای لە هاووڵاتییانی ئامریکایی و دیپلۆماتکارەکان کرد کە بە زووترین کات لە عێراق بچنە دەرەوە.

پاش کوشتنی "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە هێرشی هەوایی هێزە نیزامییەکانی ئامریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا، داوای لە هاووڵاتییانی ئامریکایی کرد کە بەخێرایی لە عێراق بچنە دەرەوە.

باڵوێزخانەی ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی عێراق، پێویستە کە هاووڵاتییانی ئامریکایی و دیپلۆماتکارەکان ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێرانی و سەرووی هەموویان "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئیران، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئامریکا کردووە.

"قاسم سلێمانی" دەیان ساڵ مێشکی بیرمەندی ڕێژیمی ئیران بوو و هەر بەو هۆیەشەوە، کوژرانی ئەو تێرۆریستەی ڕێژیمی ئێران گورزێکی کوشندە لە ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ڕێژیمی ئیسلامی بوو.