کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوای لە ئورووپا کردووە چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران سنووردارتر بکات

12:16 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆی لە هەمبەر چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

جاتان کوهەن، نوێنەری کاتیی ئامریکا، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی، داوای کردووە کە چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە جاران سنووردار بکەن.

ئەم نوێنەرەی ئامریکا لە نامەکەیدا، ئاماژەی بە هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ پێشگیری لە چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران نەکردووە بەڵام وتوویەتی: دەبێت ئەم ڕێژیمە هەموو چالاکییە مووشەکییەکانی خۆی ڕابگرێت.

بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ بەرجامدا، ڕێژیمی ئێرانی بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە ئەنجامدانی هەر چەشنە چالاکییەکی پێوەندیدار بە مووشەکی بالستیکی کە تواناییی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەبێت بێبەش کردبوو.

دەوڵەتی ئامریکا، بە شێوەیەکی بەردەوام نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەردەبڕێت، لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێبەندی ڕێكکەوتنەکە بووە و هیچ خاڵێکی پێشێل نەکردووە.

جاتان کوهەن لە نامەکەیدا، ئاماژەی بە تاقیکارییەکی مووشەکی ڕێژیمی ئێران و دوو هەوڵی بۆ هەناردەکردنی ماهوارە بۆ ئاسمان کردووە و داوای لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە ڕێکاری توندتر بۆ ڕێژیمی ئێران بۆ وەستاندنی چالاکییە مووشەکییەکانی لەبەرچاو بگرن.

هەر لەم ڕاستایەدا، چەند حەوتوو پێش، یەکیەتیی ئورووپا لە ڕاگەیندراوێکی فەرمیدا سەبارەت بە چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئیران، لە بواری مووشکە دوورهاوێژەکانی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و داوای کردووە کە ئەم چالاکییانە ڕابگیردرێت.