کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوای لە وڵاتان کردووە کە شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ماهانـ"ـی ئێران تەحریم بکرێت

13:43 - 20 بانەمەڕ 2720

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا داوای کردووە کە وڵاتانی جیهان شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهانی ئێران بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەکی کۆمەڵکۆژ و پشتیوانی لە تێرۆریزم و بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا، تەحریم بکەن.

''مۆرگان ئۆرتێگاس''، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویەتی: ''شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان ئەیر، چەکی کۆمەڵکوژ بڵاو دەکاتەوە و لە تێرۆریزم و ڕێژیمی مادۆرۆ پشتیوانی دەکات، هەروەها دەوترێت کە ئەم شیرکەتە فڕۆکەوانییە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو دەکاتەوە''.

هەروەها ناوبراو ڕوو لە وڵاتانی دیکە نووسیویەتی، بە دوورڕاگرتنی فڕۆکەکانی ماهان ئەیر لە وڵاتەکەتان، لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسیی گەمارۆکان خۆتان دوور بکەنەوە.

هەتا ئێستا چەندین وڵاتی وەکوو ئامریکا، فەرانسە، ئاڵمان و ئیتالیا گەشتە ئاسمانییەکانی شیرکەتی ماهان ئەیریان بۆ وڵاتەکەی خۆیان ڕاگرتووە.

ئەو وڵاتانە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕاگرتنەیان بۆ پشتیوانیی "ماهان ئەیر" لە چالاکییە تێرۆرستییەکانی ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.

هەروەها لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە هۆشداریی جیددیی دابوو، بەڵام ڕێژیمی ئێران بێ گوێدان بەو هۆشدارییە، لە ڕێگای فڕۆکەکانی شیرکەتی ماهانەوە درێژەی بە هاتووچۆوەکانی خۆی بۆ وڵاتی چین دەدا.