کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە کە گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی ئێران درێژ بکاتەوە

13:05 - 31 خاکەلێوه 2720

وەزیری دەرەوەی ئامریکا داوای لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە پێش ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران کێبڕکێی نوێ چەکوچۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەگەڕ بخات، گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی ئێران درێژ بکاتەوە.

''مایک پۆمپیئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا، سەرەڕای هۆشداری لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی ئێران کە ٦ مانگی ماوە، بۆ جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم ناو برد.

ناوبراو وتویەتی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ پێش ئەوەیکە توندوتیژی لە ئێران زیاتر بێت و کێبڕکێی نوێ چەکوچۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێتە ئاراوە، گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ئێران درێژ بکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، باسی لەوە کردووە ڕێژیمی ئێران ساڵی ڕابردوو مووشەکی بالستیکی بە دژی دراوسییەکانی بەکار هێناوە، نەوتکێشەکانی مین‌ڕێژ کردووه و دەستی بەسەرداگرتن.

ناوبرا باسی لەوەش کرد ئەو ڕێژیمە بۆ ناوچە ئاڵۆزەکان چەکوچۆڵی بەشێوەی قاچاغ ڕەوانە کردووە و فڕۆکەیەکی موسافیربەریی خستە خوارەوە؛ بۆیە ناتوانین ئەو مەترسییە قەبووڵ بکەین کە ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بکڕێت .

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی ٥ ساڵ قەدەغەیه، ئەم گەمارۆیانە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی پێدێت.