کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ٨٠٠ داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی ئێراندان

12:09 - 21 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، به بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤەوە، ڕێزی لەو چالاکانەی مافی مرۆڤ گرت که له زیندانەکانی ئێراندا دەستبەسەر کراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە توییتێری فارسیی خۆیدا به بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، باسی لە زیندانی بوونی نزیک به ٨٠٠ داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەم توییتەدا هەروەها نووسیویەتی: "لەم ڕۆژە جیهانییەدا یادی زیندانییانی ئێران که بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانییانیان هەوڵیان داوە، بەرز ڕادەگرین. ئێوە ئەمڕۆ بیر لە کام زیندانیی سیاسی عەقیدەتی دەکەنەوە؟"

لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام رێژیمی ئێران لە لایەن ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە به هۆی پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ کەوتووەتە بەر ڕەخنە و هەموو ساڵێک کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، به نیسبەت خراپتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هۆشدارییان داوە.