کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا درێژە بە گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەدات

13:45 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا دوای ڕێگەنەدان بە کڕینی نەوتی ئێران ئەمجارە بەدوای هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکانی سەر بەرنامەی ناوکیی ڕیژیمی ئیسلامیی ئێرانه.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی بانەمەر، کاناڵی تەلەفزیۆنی CNN باسی لەوە کرد، دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، لە درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، سەرقاڵی تاوتوێ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ئێرانه.

ئەو کاناڵە ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی ئامریکا، لە حاڵی تاوتوێی ئەم بابەتەن، بەڵام تا ئێستا بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە بە ئاکامی کۆتایی نەگەیشتوون.

پێشتر ٦ سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا، داوایان لە دانڵد ترامپ کردبوو، کە لێخۆشبوونەکانی سەر بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران لاببات.

لێخۆشبوونەکانی سەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ئیزن بەو وڵاتانەی کە پێبەندی ڕێککەوتننامەی بەرجامن دەدات، کە لە سایتەکانی ناوکیی فێردوو، ئەراک، وزەخانەی ناوکیی بووشێهر لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری بکەن، هەتا لەوە دڵنیا بن کە ڕێژیمی ئێران لە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئەو ئاستە کە لە ڕێککەوتنی بەرجام لەسەری ڕێک کەوتوون، لا نەدات.

مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، هەر چەند ئامریکا بە شێوەی یەکلایەنانە لە بەرجام هاتەدەر، بەڵام لێخۆشبوونەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ئێران تا مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ دڕێژ کردبوویەوە.

ئامریکا دوای هاتنەدەر لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، لە گوشار‌هێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر.