کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دووبارە هۆشداری دایە ئەو لایەنانەی کە دەیانهەوێ مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەبێ

10:32 - 29 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: برایان هووک نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداری دایە تەواوی ئەو لایەنانەی کە دەیانهەوێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکەن و ڕایگەیاند: ئەم کارە دەتوانێ بە مانای دابینکردنی باری ماڵیی تێرۆریزم بێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر لە تویتێکدا لەسەر زاری برایان هووک بڵاوی کردەوە: کاتێک کۆمپانیاکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ڕیژیمی ئێران دەکەن، ئەگەری هەیە پشتیوانی ماڵی لە تێرۆریزم بکەن.

لە درێژەی ئەم پەیامەدا هاتووە: ئامانجی ئێمە لە تەحریمەکان بێبەش کردنی ڕێژیمی تاران لە هەناردەکردنی تێرۆریزمە. ئێمە سەبارەت بە دەورلێدانەوەی تەحریمەکان هۆشیارین و بەهیچ شێوەیەک ڕایانناگرین.

پێشتریش هووک هۆشداری دابووە سەرجەم بانک و کۆمپانیا ئورووپاییەکان کە ئەگەر مەرجەکانی ئامریکا لەبەرچاو نەگرن و درێژە بە هاوکارییە ماڵییەکان لەگەڵ ئێران بدەن، تەحریم دەکرێن.

ئامریکا، بە پلەی یەکەم ڕێژیمی ئێرانی لە لیستەی ئەو ڕێژیمانە داناوە کە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکەن؛ هەرچەند تاران ئەم ئیددعایە ڕەد دەکاتەوە بەڵام جیا لە ئامریکا، زۆربەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش کە مەیدانی ڕمبازێنەکانی کۆماری ئیسلامییە ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە سازکردن و پڕچەک‌کردنی گرووپی تێرۆریستی هەوڵی نائارام کردنی ناوچە دەدات.

بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە هاوکات بوو لەگەڵ سەفەری وەزیری دەرەوەی بریتانیا بۆ ئێران؛ بریتانیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە دژی کشانەوە لە بەرجامە و لەم ماوەیەشدا هەوڵی داوە کە بەرجام وەک خۆی ڕابگرێت.